مۆندیالی 964

ئاگاتان لێیە ئێران لە مۆندیالی 2026 بە نیازی چییە؟

+964
ئەرسەلان عەبدوڵا

هەرچەندە حەزمان لێ نییە باسی سیاسەت و وەرزش تێکەڵ بکەین، بەڵام ئیتر سەردەمەکە وایە و ئەمڕۆ وڵاتان بە وەرزش دەیانەوێت سیاسەتی خۆیان نمایش بکەن.
بە با بچمەوە ناو مەوزوعەکەوە، ماڵپەری ئێران وایەر ئاشکرای کردووە، وەزارەتی وەرزشی ئێران و سوپای پاسداران پلانێکیان هەیە بۆ کۆکردنەوەی 20 هەزار هاندەر لەسەر پەیژەی یاریگەکانی مۆندیالی 2026 ، ئەوانەی کە لایەنگری حکومەتی ئێرانن.
جا ئەوانە جگە لە هاندانی تیمی میلی، کاری دیکەیان پێ دەسپێرن، بەڵام با بزانین کارەکە چییە؟
بە پێی پلانەکە ئەوانە بەشێک دەبن لە سیاسەتی پڕوپاگەندە بۆ دەسەڵاتی ئێران، هەروەها رووبەڕووی هەموو ئەو هاندەرە ئێرانییانە دەبنەوە، کە ئەگەر دروشم و هوتاف دژی حکومەتی تاران بەرزبکەنەوە.
راپۆرتی سەرچاوەکە ئاشکرای دەکات، پلان وایە بڕی دە هەزار دۆلار، واتا دەفتەرێک بدەن بە هەر کەسێک لەو 20 هەزار کەسەی بڕیارە لە ناو حەشامەتی لایەنگرانی ئێران بن لە مۆندیالی ئەمجارەدا، کە پارەی تیکتی فڕۆکە و مانەوە و بلیتی یارییەکانیان بۆ دابین بکەن لە ئەمریکا و کەنەدا.
ئێران هەوڵیش دەدات ئەو پارەیە لە رێگەی هەندێک نێوەندگیر و بریکاری تایبەت لە ناو ئەمریکا و کەنەدا بۆ لایەنگرەکانی حەواڵە بکات.
جا ئەم کارە چۆن دەکرێت؟ چونکە پێدانی ڤیزا بۆ ئێرانییەکان بۆ ئەمریکا زۆر زەحمەتە.
بەڵام پلانەکەی وەزارەتی وەرزش و سوپای پاسداران پێدەچێت وردتر داڕێژرابێت و دەیانەوێت پشت بەو ئێرانییانە ببەستن، کە لە ئەمریکا و کەنەدا دەژین، یان لە ئەوروپا دەژین و رەگەزنامەی تریان هەیە و کێشەی ڤیزایان نییە بۆ چوونە ئەمریکا.
ئێران لە کۆکردنەوەی ئەو حەشاماتە دەیەوێت ئەزموونی مۆندیالی قەتەڕی 2022 دووبارە بکاتەوە و بە شێوەیەکی فراوانتر رووبەڕووی هەر جووڵەیەکی رەوەندی بەرهەڵستکاری ئێرانی ببێتەوە لە ئەمریکا، کە رەنگە دژی سیاسەتی حکومەتی ئێران خۆپێشاندان یان نمایشی سیاسەتی خۆیان دژ بە ئێران لە یاریگەکان ئەنجام بدەن، بە تایبەتی لە لۆس ئەنجلس و سیاتڵ، کە هەڵبژاردەی ئێران لەوێ یارییەکانی دەکات.

ئێران بە مەرج بەشداریی مۆندیال دەکات و منداڵانی داون ی...

ئێران بە مەرج بەشداریی مۆندیال دەکات و منداڵانی داون یەکتریان گۆڵباران کرد