دیمەنێکی دابەشکردنی غاز لەلایەن وەکیلەکانی غاز لە کوردستان - وێنە؛ ئەرشیفی وزارەتی سامانە سروشتییەکان
قایمقامیەتی کفری:
“هیچ قەیرانێکی غاز لە شارەکەماندا بوونی نییە”
964+
شۆڕش قادری
“هیچ قەیرانێکی غاز لە شارەکەماندا بوونی نییە و هەموو ئەو کەسانەش کە کۆبۆنی خۆراکیان نییە یان هی ناوچە دابڕێنراوەکانیان هەیە و ئەوانەشی تازە هاوسەرگیریان کردووە، غازی خۆیان وەردەگرن”، قایمقامیەتی کفری وادەڵێت.
قایمقامیەتی قەزای کفری لە روونکردنەوەیەکدا بۆ هاوڵاتیانی دەڤەرەکە دەڵێت، “دڵنیاتان دەکەینەوە هیچ قەیرانێکی غاز لە شارەکەماندا بوونی نییە، ئەو رێکارانەشی گیراونەتە بەر، بۆ رێگریکردنە لە دروستبوونی قەیران و ئامانج لێی دابەشکردنی غازە بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێکاری داواکاری کۆبۆنی خۆراک بۆ رێکخستنی شێوازی دابەشکردنی غازە بەسەر هاوڵاتییاندا، بۆیە ئەو هاوڵاتیانەی کە کۆبۆنی خۆراکی ناوچە دابڕاوەکانیان هەیە وئەوانەشی تازە هاوسەرگیرییان کردووە و کۆبۆنیان نییە، هەموویان بەشە غازی خۆیان وەردەگرن و هیچ گرفتێکیان بۆ دروست ناکرێت.
پێشتر قایمقامیەتی کفری لە ئاگادارییەکدا وتبووی کە لەمەودوا دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵاندا بەپێی کۆبۆنی خۆراک (فۆرمی بایەعی) دەبێت، هەر ماڵێکیش بوتڵێکی غاز وەرگرێت، ئەوا بۆ ماوەیەک غازی پێنادرێت تاوەکو هەموو ماڵەکانی تری گەڕەکەکەیان غاز وەردەگرن، کۆبۆنی خۆراکەکە دەبێت تازە بێت، واتە کۆبۆنی ساڵی (2020/ 2021) بێت، هەروەها نوسخەی ئەسڵی بێت و کۆپی نەبێت.