کانى وەتمان
مامۆستایەکى ژینگەپارێز؛ لەگەڵ براکەى پاشماوەى سەیرانکەرانیان پاککردەوە
964+
وریا فەتاح
تا بۆیانکرا، لەناو سەوزایى و جوانییەکانى سنوورى کانی وەتمان، ژمارەیەک سەفرەکەر کاتێکى خۆشیان بەسەربرد و گەشتى خۆیان ئەنجامدا، هەرچى پێیان بوو خواردیان و خواردیانەوە، دواتریش کە رۆشتن شوێنەکەیان بە پیس و پۆخەڵى جێهێشت.
ئەمڕۆ شەممە، دابان محەمەد کە مامۆستا و ژینگەدۆستێکى گوندى کانى وەتمانە لە سنوورى دوکان، لەگەڵ براکەیى و هاوڕێیەکى دەستیانکرد بە پاککردنەوەى ئەو پاشماوەى لە سەفرەکەران جێمابوو.
دابان محەمەد بە 964ـى وت،”گوناهە ئەو ژینگە جوانە بشێوێنین، مادام کاتێکى خۆش بەسەر دەبەین لە شوێنێک کە سەوز و پاکە، شێواندنى نابەرپرسیارێتییە”.
وتیشى،”ئەوکەسانەى لە دواى گەشتەکەیان پاشماوەکانیان کۆناکەنەوە، دەرخەرى ئەوەیە ماڵەکەى خۆشیان ئاوا بە پیسى جێدەهێڵن، چونکە ژینگە ماڵى دووەمى هەر کەسێکە، ناکرێت بێباک بین بەرامبەر ئەو ماڵە”.
داواش دەکات، هەموو ئەوانەى بۆ گەشت روو دەکەنە سنوورى کانى وەتمان و هەر گۆشەیەکى سروشت، پاشماوەکانیان جێنەهێڵن و ژینگە نەشێوێنن، وەک دەڵێت: رەنگە دواى خۆت کەسوکارت یان دۆست و هاوڕێ و هاوزمانت لە هەمان شوێن گەشت بکەن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح