دانوستان دەكرێت یان نا؟
بارودۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوا؟
ئێران هێشتا رازیی نییە خولی دووەمی دانوستان ئەنجام بدات
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
راپۆرتە میدیاییەکان رۆژی شەممە ئاماژەیان بەوە کرد، هیچ رێککەوتنێک سەبارەت بە ماوەی راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە نەکراوە، هاوکات دانوستانەکان سەبارەت بە پرسەکانی دیکەی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەردەوامە.
کەناڵی سی بی ئێس نیوز لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە رایگەیاندووە “هێشتا هیچ رێککەوتنێک نییە لەسەر ئەوەی تا چەند ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد کە دانوستانکاران تاوتوێی چەند بژارەیەک دەکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی کواڵێتی بەرزی ئێران، بەبێ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی.
ئەو بەرپرسانە ئەوەشیان وتووە، بەرنامەی مووشەکیی ئێران، هەروەها پشتیوانی تاران لە هاوپەیمانە ناوچەییەکانی، ئێستا لە کارنامەی دانوستانە بەردەوامەکاندا نییە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە بەیاننامەیەکدا کە دوای داخستنەوەی گەرووی هورمز بڵاویکردەوە، رایگەیاند کە تاران پێشتر هۆشداریی دابوو، کە پشتگوێ خرابوون، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.
لای خۆیەوە ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، ئێران هێشتا رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی خولی داهاتووی دانوستانەکان نەداوە، ئەوەش دوای راگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە بە “گەمارۆی دەریایی دژی ئێران” وەسفی کرد.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە رایگەیاندووە کە “ئێران خەریکە کات بەفیڕۆ نادات لە دانوستانە درێژخایەن و بێ ئەنجامەکاندا”.
هەروەها رەتکردنەوەی تاران لە خولی داهاتووش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە بە داواکاریی زیادەڕۆیی ئەمریکا لە کاتی دانوستانە بەردەوامەکاندا وەسفی کردووە.
قسە هەیە رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانوستانەکانی نێوان هەردوولا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان دەستپێبکاتەوە، ئەمەش لە کاتێکدا پێشبینییەکان سەبارەت بە رەوتی خولی نوێ و ئەگەری گەیشتن بە پێشکەوتن لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان هەیە.