50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانکرا

964+

عەمار عەزیز- دهۆک

بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕی 50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەڤەری شنگال و دەشتی نەینەوا تەرخانکرا.

دوێنێ دووشەممە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارەکەی داوە.

نوێنەرانی شنگال و دەشتی نەینەوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای دروستکردنی سندوقێکیان کردبوو بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.

بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی 12ی ساڵی 2022 داوایەکیان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە دروستکردنی سندوقێکی تایبەت بووە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، شیاع سوودانی وەڵامی نوسراوەکەی داونەتەوە و سندوقەکە دروستکراوە.

بەپێی زانیارییەکانی 964، دوێنێ دووشەممە، سەرۆک وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە بڕی 50 ملیار دینار بخاتە ناو ئەو سندوقەوە.

کاتێک رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 هێرشیکردە سەر عێراق و بەتایبەتی پارێزگای نەینەوا و شنگال، بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە وێران کران.