"داواکارییەکانیان موناقشە دەکرێت و وەزیر بەڵێنی هاوکاری داوە"
بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی لەگەڵ قوتابییە ناڕازییەکان دانیشت
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لەسەر داوای 964 بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی لەگەڵ قوتابییە ناڕازییەکان کۆبووەوە و رایگەیاند، داواکارییەکانیان دەگەیەنێتە وەزارەتی پەروەردە و دواتر بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
ئەمڕۆ لە سلێمانی و زۆربەی شارەکانی کوردستان قوتابیانی بەشی زانستی پۆلی 12 گردبوونەوە و داوای سەرەکی ئەوان ئەوە بوو کە پرۆگرام کەم بکرێتەوە و تاقیکردنەوەی وانەکانی کوردی و عەرەبەیان لە کۆتایی ساڵدا بۆ بکرێتەوە بە ئارەزوومەندانە.
964 ئەو بابەتە گەیاندە نەژاد عەبدوڵا بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتی سلێمانی، ئەو لەگەڵیان کۆبووەوە و هەر لەکاتی دانیشتنەکە بە 964ـی وت، “لەبەر چاوی خۆیان لەگەڵ وەزیری پەروەردە و مامۆستا نورەدین بەڕێوەبەری گشتی تاقیکردنەوەکان لە وەزارەتی پەروەردە قسەمان کرد، داوامان کرد ئەم داواکاریانەی خوێندکاران بگەینینە دەستیان وەک لیژنەی باڵای تاقیکردنەوەکان لە ئەنجومەنی وەزارەت بۆ ئەوەی موناقشەیان لەسەر بکرێت و وەزیریش بەڵێندا کە هاوکاریان بێت”.
“دەبێ داواکارییەکانیان موناقشەی لەسەر بکرێت و دواتر بڕیاریان لەسەر بدرێت، چونکە نابێ بڕیارێک دەربکرێت کە لەداهاتوودا و لە قۆناغی زانکۆ زیان بە خوێندکاران بگەیەنێت”، نەژاد عەبدوڵا وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشووی رۆژی شەممە هەڵناگیرێت و ئەو بابەتە بڕیاری کۆتایی لەسەر دراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری