وەزارەتى دەرەوەى تورکیا: نەتەنیاهۆ "هیتلەرى سەردەمە"
نەتەنیاهۆ: ئەردۆغان کوردى کۆمەڵکوژ کردووە
وریا فەتاح
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکی توند، وەڵامی هێرشە میدیاییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و بە “هیتلەری سەردەم” وەسفی دەکات.
ئەمڕۆ، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هێرشی توندی کردە سەر ئەردۆغان و رایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان مافی ئەوەی نییە رەخنە لە ئیسرائیل بگرێت، چونکە “ئەو هاوڵاتیانی کوردی کۆمەڵکوژ کردووە”.
لە دواى لێدوانەکانى نەتانیاهۆ، وەزارەتى دەرەوەى تورکیا وەڵامى دایەوە و دەڵێت: نەتانیاهۆ بەهۆی ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون، وەک “هیتلەری سەردەم” دەناسرێت و ناسنامە و رابردووی لای هەمووان روونە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئامانجی نەتانیاهۆ لە بەردەوامیدان بە هێرشەکان، تێکدانی گفتوگۆکانی ئاشتی و درێژەدانە بە سیاسەتی فراوانخوازی، تەنیا بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەی خۆی رووبەڕووی دادگا و زیندانیکردن نەبێتەو.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەبیری هێناوەتەوە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ نەتانیاهۆ دەرکردووە بە تۆمەتی “تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی”، هەروەها ئیسرائیل لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بە تۆمەتی “جینۆساید” لە دادگای دادی نێودەوڵەتی دادگایی دەکرێت.
تورکیا دەڵێت، هێرشی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرۆک کۆمار (ئەردۆغان) بە تۆمەتی “بێ بنەما و درۆ”، تەنیا کاردانەوەیەکە بەرامبەر ئەو راستییانەی تورکیا لە هەموو سەکۆیەکی نێودەوڵەتیدا دەیانڵێت.