بكوژانى گه‌نجه‌كه‌ى كه‌ركوك ده‌ستگیركران

964+

کاروان ساڵحی ، کەرکوک

گەنجێکی 29 ساڵى خه‌ڵكی كه‌ركوك له‌ناو بیرێكدا به‌ کوژراوى ده‌دۆزرێته‌وه‌ و پۆلیسیش ده‌ڵێت، ئۆتۆمبێلەکەیان لە رانیە فرۆشتووه‌ و لەسەر ئەو رووداوەش دوو کەس دەستگیرکراون.

سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ت به‌ 964ـى وت “سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 14.3.2023 تەرمی گەنجێکی 29 ساڵ لە نێو بیرێک دۆزرایەوە”.

بەپێى زانیارییەکانى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئەو گەنجە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسانی پێبوە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا چۆتە دەرەوە و دیارنەماوە ، لەسه‌ر ئەو رووداوەش دوو کەس دەستگیرکراون و دانیان بەوە ناوە کە کوشتویانە و ئۆتۆمبێلەکەشیان لە قەزای رانیە فرۆشتوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوکیش به‌ 964ـی راگه‌یاند “دوای سکاڵاکردنی بنەماڵەیەک لەسەر ئەوەی بەر لە چەند رۆژێک کوڕەکەیان بە ناوی قەحتان سەباح فەتاح تەمەنی 29 ساڵ چۆتە دەرەوە، گوایە داوەتی هاوڕێکانیەتی، بەڵام لە و ڕۆژەوە بێسەروشوێنە”.

به‌قسه‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ى پۆلیس، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە دوای بەدواداچوونی ورد بەو پەیوەندیانەی كه‌ بەو گەنجەوە کرابوون، توانرا له‌لایه‌ن پۆلیس و هەواڵگری و دەزگا ئەمنیه‌کانی دیکەوە، دووکەس لە گەرەکه‌كانی رەحیماوا و شۆریجە دەستگیربكرێن.

وتیشی “ده‌ستگیركراوه‌كان دەستبەجێ دانیان بەوە ناوە کە ئەوان کوشتویانە و و تەرمەکەشیان بە کوژراوی لە نێو بیرێکی زێراب لە نزیک خاسە فڕێداوە، ئۆتۆمبێلەکەشیان بردۆتە قەزای رانیە بە بڕی پێنج هه‌زارو 500 دۆلار فرۆشتویانە” .

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن