سووتانی دارەکە دەرگای گوندەکەی بە رووی گەشتیاران داخست

964+
زەید کۆچەر -دهۆک

لەسەر سووتانی دارە بە تەمەنەکە، ئەنجومەنی گوندی دێرا گژنیک ناوچە گەشتیارەکانی سنووری گوندەکەیان بە رووی گەشتیاران داخست.

شەوی رابردوو، گرتە ڤیدیۆییەکە بڵاوبووەوە کە تێیدا دانیشتووێکی گوندی دێرا گژنیک قسە دەکات و دەڵێت: ئەو دارە لەلایەن گەشتیارانەوە سووتاوە.

دوا بەدوای رووداوەکە، ئەنجومەنی گوندەکە بڕیار دەدەن کە چیتر نەهێڵن گەشتیار بچێتە سنووری گوندەکەیان.

گوندی دێرا گژنیک، گوندێکە دەکەوێتە سنووری بە پارێزگای دهۆکە.

ئەحمەد علی ئەحمەد، موختاری گوندی دێرا گژینک لەسەر رووداوەکە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: بڕیارەکەمان بۆ پاراستنی شوێنە گەشتیارەکانی نێو گوندەکەمان و ئەم سروشتە جوانەی لە گوندەکەمان هەیە.

“پێشتر گەشتیاران شوێنەکانیان پیس دەکرد، دەمانوت لە نارۆشنبیری خەڵکەکەیە، بەڵام ئەمجارە داریان سووتاند، داریکی زۆر جوان و بە تەمەن بوو، دۆخەکە گەیشتە شێواندنی سروشتی گوندەکە بۆیە نەک هەر ناڕازین بەڵکو چیتر ناهێڵین سروشتمان تێک بچێت”. ئەحمەد عەلی وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارەکە بە تایبەت سەیرانی قوتابیان و خوێندکارانی دەگرێتەوە، چونکە ئیمە زانیومانە یەکێک لە دارەکان خوێندکاران وایان لێکردووە.

موختاری گوندەکە لەبارەی رۆژانی نەورۆز و سەیرانی خانەوادەکان روونی دەکاتەوە کە دوو رۆژی یەکەمی نەورۆز قەدەغە نییە، بەڵام بڕیاری قەدەغەکە ئەوانیش دەگرێتەوە، چونکە دارە سووتاوەکە لەلایەن خێزانێکەوە سووتاوە.

گوندی دێرا گژنیک، دووەم گەورەترین گوندی دۆسکییەکانە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 900 کەس دەبێت لە 150 خانەوادە پێکهاتووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق