شایسته‌ى دارایی وانەبێژانی ئیداره‌ى سۆران دابەشدەكرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دابه‌شكردنى شایسته‌ داراییه‌كانى مامۆستایانى وانه‌بێژ گه‌یشته‌ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌مڕۆ ناوه‌ندى سۆران دابه‌شكراوه‌ و بڕیاره‌ له‌ماوه‌ى دوو رۆژى تر له‌ ته‌واوى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتییه‌كانى هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ى ئه‌و ئیداره‌یه‌  دابه‌ش بكرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، یه‌ك مانگ و نیو له‌مه‌وبه‌ر، مامۆستایانى وانه‌بێژى سنوورى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران شایسته‌ داراییه‌كانى مانگى 12ـى ساڵى رابردوویان وه‌رگرت، ئه‌وه‌ى ئێستاش وه‌ریده‌گرن بۆ مانگى 1ـى ئه‌مساڵه‌.

ئەكارا ئیلیشا كه‌بۆ، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی ئیدارەی سۆران، به‌ 964ـى راگه‌یاند “ئەمڕۆ شایستە داراییەكانی مانگی 1ـى وانەبێژانی پەروەردەی سۆران دابه‌شكرا و رۆژی چوارشەممە وانەبێژانی پەروەردەی مێرگەسۆر دابەشدەكرێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ سنوورى په‌روه‌رده‌كانى چۆمان و رواندز شایسته‌ داراییه‌كانى وانه‌بێژان دابه‌شكراوه‌.

به‌قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى ئیداره‌ى سۆران، ته‌نها شایسته‌ داراییه‌كانى مامۆستایانى وانه‌بێژ له‌ سنوورى په‌روه‌رده‌ى سۆران و مێرگه‌سوور زیاتر له‌ یه‌ك ملیار و 101 ملیۆن دینار بووه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانى 964، ته‌نها له‌ سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى سۆران، نزیكەی هه‌زار و 700 مامۆستای وانەبێژ بۆ پڕكردنەوەی میلاكی قوتابخانە و خوێندنگەكان دانراون.