فەرماندەی گشتی سوپای ئێران:

“لە ئەگەری هێرشی زەمینی نابێ یەک کەس بەسەلامەت دەربچێت”

شۆڕش قادری

فەرماندەی گشتی سوپای ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و دەڵێت، لە ئەگەری هێرشی زەمینی نابێ یەک کەس بەسەلامەت دەربچێت.

میدیای ئێران ڤیدیۆی کۆبوونەوەی ئەمیر حاتەمی فەرماندەی گشتی سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ فەرماندە باڵاکان بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “حاتەمی فەرمانیکردووە کە بەوردی هەموو جموجۆڵەکانی دوژمن لەبەرچاو بگرن و لەکاتی خۆیدا رووبەڕووی هێرشەکانیان ببنەوە”.

داوایشی کردووە، لەئەگەری هێرشی زەمینی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، نابێ یەک کەس بەسەلامەتی دەربچێت.

حاتەمی راشیگەیاندووە، دەبێت سێبەری جەنگ لەسەر ئێران هەڵبگیرێت و ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی وڵاتەکە بگەڕێتەوە.

ئەم قسانەی فەرماندەی گشتی سوپای ئێران لەکاتێکدایە کە ئەمریکا هێزێکی زۆری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەورووبەری ئێران کۆکردووەتەوە و گومانەکان بۆ ئەوەن کە لە چەند رۆژی داهاتوو هێرشی زەمینی بکەنە سەر خاکی ئێران.