فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق دەچێتە ئێران - وێنە؛ تەسنیم
وەزیری دەرەوە داوای هاوکاری دارایی لە یەکێتی ئەوروپا دەکات
فوئاد حسێن: بەداخەوە عێراق بووەتە بەشێک لە جوگرافیای شەڕ
ژێوار خدر
عێراق بەهۆی پێگەی جوگرافییەکەیەوە کەوتووەتە ناو بازنەی ململانێکان و زیانی ئابووری زۆری بەرکەوتووە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقیش دەڵێت “عێراق بووەتە بەشێک لە جوگرافیای شەڕ”.
بەپێی هەواڵێکی سکای نیوزی عەرەبی، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆبراڤکا شویتسا، کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە، عێراق بەهۆی هێرشەکانەوە زیانی گیانی بەرکەوتووە و لەناو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و سوپای عێراقیش هەن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە سیاسەتی حکومەت رەتکردنەوەی شەڕە، بەڵام دۆخەکە کاریگەری قورسی دروست کردووە.
وەزیری دەرەوە باسی لەوەشکردووە، بەردەوامی شەڕ کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری عێراق دروست کردووە، بەتایبەت لە پرسی هەناردەکردنی نەوتدا، هەر بۆیە داوای لە یەکێتی ئەوروپا کردووە گروپێکی تایبەت پێکبهێنن بۆ لێکۆڵینەوە لە میکانیزمی پێشکەشکردنی پشتگیری دارایی بە عێراق، بۆ ئەوەی رێگری لە پەککەوتنی زیاتری ئابووری وڵات بکەن لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.