تواناکانى خەیاڵین

بەریتانیاش هاتە ناوەوە؛ ژێردەریاییەکى ئەتۆمى رەوانەى دەریاى عەرەب کرد

964+

وریا فەتاح

سەرچاوە سەربازییەکانی بەریتانیا ئاشکرایان کرد، ژێردەریاییەکی ئەتۆمیی هێزی دەریایی شاهانەی وڵاتەکەیان گەیشتووەتە دەریای عەرەب، کە توانای هەڵگرتنی مووشەکی “تۆماهۆک”ی هەیە و دەتوانێت ئامانجەکانی ناو خاکی ئێران بپێکێت.

بەپێى هەواڵێکى دەیلى مەیل، ژێردەریایی (HMS Anson) کە یەکێکە لە پێشکەوتووترین ژێردەریاییە ئەتۆمییەکان، لە 6ـی ئازارەوە بەندەری پێرس لە ئوسترالیای جێهێشتووە و ئێستا لە ئاوە قووڵەکانی باکووری دەریای عەرەب جێگیر بووە. ئەم ژێردەریاییە چەندین مووشەکی جۆری (Tomahawk Block IV)ی پێیە کە مەوداکەیان 1,000 میل (1,600 کیلۆمەتر)ە، لەگەڵ تۆرپیدی قورسی جۆری (Spearfish).

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە سێر کیێر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، رەزامەندی نیشانداوە ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا بەکاربهێنێت بۆ لێدانی ئەو بنکە و شوێنانەی ئێران کە هەڕەشە لە گەرووی هورمز دەکەن. پێشتر بەریتانیا تەنیا بۆ مەبەستی “بەرگری” رێگەی بە بەکارهێنانی بنکەکانی دابوو، بەڵام ئێستا چوارچێوەکەی بۆ “بەرگریی بەکۆمەڵ” فراوان کردووە.

تایبەتمەندییەکانی

بەهۆی کارلێکەرە ئەتۆمییەکەیەوە، دەتوانێت بۆ ماوەی 25 ساڵ بێ سووتەمەنی کار بکات، بەڵام تەنیا بۆ 3 مانگ خواردنی بۆ 98 ئەفسەر و سەرباز پێیە.

ژێردەریاییەکە بە شێوەیەک کار دەکات کە هیچ دەنگێک دەرنەکات؛ تەنانەت لە کاتی ئەرکە هەستیارەکاندا سەربازەکان بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک دەستشۆر و حەمام بەکارناهێنن بۆ ئەوەی هیچ دەنگێک لە ناو ئاوەکەدا بڵاونەبێتەوە.

پەریسکۆپی نییە و لەبری ئەوە کامێرای پێشکەوتوو و شاشەی گەورە بۆ بینینی سەر ئاوەکە بەکاردەهێنێت.

هەموو شتێک بەدەست سەرۆک وەزیرانە

بەپێی سەرچاوە بەرگرییەکان، فەرمانی تەقاندنی مووشەکەکان تەنیا لەلایەن لیوای روکن نیک پێری، بەڕێوەبەری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانەوە دەدرێت، ئەویش دوای وەرگرتنی رەزامەندیی راستەوخۆ لە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئامادە نەبوو شوێنی وردی ژێردەریاییەکە ئاشکرا بکات و تەنیا رایگەیاندووە: “ئێمە بەردەوام چاودێری تواناکانی خۆمان لە ناوچەکەدا دەکەین.”