سەرۆکی هەرێم:
“هەڵەبجەش وەک گەواهیدەرێکی زیندووی مێژوو لە ویژدانی جیهاندا دەمێنێتەوە”
964+
فەرهاد حەسەن
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا دەڵێت، ناوچەکە بە دۆخێکی مەترسیداری شەڕدا تێدەپەڕێت و هەڵەبجەش وەک گەواهیدەرێکی زیندووی مێژوو لە ویژدانی جیهاندا دەمێنێتەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بەهۆی مەترسی ناوچەکە بەهۆکاری شەڕەوە، ئەرکێکی قورسی نیشتمانی لەسەر شانی هەمووانە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان، لەم دۆخە هەستیارەدا، یەکڕیزی و ته‌بایى تاقە رێگەی پاراستنی دەستکەوتەکان و رووبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانە.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه له ساڵیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه، سەرۆکی هەرێم رایگه‌یاند، “هەڵەبجە تەنیا هەوڵێکی سڕینەوەی جەستەییی كورد نەبوو، بەڵکو تاوانێكى دژى مرۆڤایه‌تى و هێرشێکی دڕندانەى سەر ئیرادەی گەلێک بوو کە تەنیا داوای ژیان و ئازادیی دەکرد، هەڵەبجە وەک گەواهیدەرێکی زیندووی مێژو لە ویژدانی جیهاندا دەمێنێتەوە، تاوه‌كو مرۆڤایەتی وانەی لێ وەربگرێت و رێگە لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە کۆمەڵکوژییەک بگرێت، له هه‌ر كوێى جیهان بێت”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، لەم یادەدا، جەخت لە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق بەرانبەر به هەڵەبجە و قوربانییانی ده‌كاته‌وه، به‌پێى بڕیارى دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى عێراق كه تاوانى كیمیابارنكردنى هه‌ڵه‌بجه‌ى به جینۆساید ناساند، پێویستە قەرەبووى شایستەی قوربانییان بكاته‌وه، تاوه‌كو دادپه‌روه‌رى بۆ قوربانییان به‌دى بێت و له هه‌رێمى كوردستانیش ده‌بێت باشترین خزمه‌ت و چاودێریى پێویست پێشكه‌ش به به‌ركه‌وتوانى ئه‌و تاوانه بكرێت.
هەر له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت “هه‌مووان قه‌رزارى خوێنى شه‌هیدانین و باشترین وەفاداری بۆ گیانى پاكیان، کارکردنی پێکەوەیییە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان له گه‌ل و خاكى كوردستان”.