مۆساد
لە ورمێ 20 کەس بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستگیرکران
964+
وریا فەتاح
داواکاری گشتیی ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا رایگەیاند، لە شاری ورمێ 20 کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل دەستگیرکردووە و رەوانەی زیندان کراون.
بەپێی لێدوانی داواکاری گشتیی پارێزگاکە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە گورز لە چەند تۆڕێکی بەکرێگیراو بدەن کە پەیوەندییان بە بریکارەکانی ئیسرائیلەوە هەبووە و ئاشکرایان بکەن.
لەبارەی تۆمەتی ئەو کەسانەوە ئاماژە بەوە کراوە، ئەو تۆڕانە هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیلیان کردووە و زانیاری و تایبەتمەندییەکانی تایبەت بە بنکە و شوێنە سەربازی، پۆلیسی و ئەمنییەکانیان بۆ ناردوون.
داواکاری گشتی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان و دەرکردنی فەرمانی دادگا، بە فەرمی 20 کەس لە ئەندامانی ئەو تۆڕانە دەستگیرکراون و لە ئێستادا راگیراون بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.