مەچۆ بەلای ئەو ئۆتۆمبێلانەدا کە لێدراون

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

گەر دەتەوێت بەدوور بیت لە رووداوی نەخوازراو، ئەوا خۆت لە کڕینی ئۆتۆمبێلی لێدراو بەدوور بگرە. ئەوە پیشنیاری ئەندازیارێکی میکانیکییە.

هۆکاری سەرەکیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێک تووشی پیاکێشان دەبێت هیچ کات پارچەکانی وەک خۆی داناندرێتەوە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕاوەن یان سووتاون، ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێرباگی شۆفێر و سەکنی کار نەکات، ئەو ئۆتۆمبێلانەی شانسییان بڕاوە یان لەحیمکراو بێت تۆمار ناکرێن.

ئاوات خەلیل، ئەندازیاری میکانیک بە 964ـی راگەیاند: ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە کاتی رووداودا شانسیان خوار دەبێت، لەبەر ئەوەی سەرجەم لاشەکە لەسەر ئەو شانسییە دانراوە، لە کاتی ئیستۆپکردنی بەھێزدا وا دەکات تایەکانی هەریەکە و بەلایەکدا بڕۆن.

دەشڵێت؛ گەر شانسیی ئۆتۆمبێل خوار بێت، ئەوا تایەکانی نابەرامبەر دەبن و لەکاتی خێرا لێخوڕیندا و بەھێزیی بادا کۆنتڕۆڵ لەدەستی شۆفێردا نامێنێت و دەبێتە ھۆی رووداوی ھاتوچۆ.

ساڵی رابردوو زیاتر لە 100 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.

“ئەگەر شۆفێرێک دەیەوێت لە رووداوی نەخوازراو دوور بێت زۆر گرنگە لە ئۆتۆمبێلی لێدراو خۆی بەدوور بگرێت”، ئاوات خەلیل وای وت.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد