فڕۆکەیەکى هێڵى ئاسمانى عێراقى..وێنە ئاژانسى دەنگوباسى عێراق
درێژکرایەوە
ئاسمانی عێراق بۆ 72 کاتژمێری دیکە بە داخراوی دەمێنێتەوە
وریا فەتاح
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، بڕیاریدا داخستنی ئاسمانی وڵات بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە درێژبکاتەوە و دەڵێت “ئەمە رێکارێکی کاتی و خۆپارێزییە”.
ئەمڕۆ هەینی 13.3.2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی سەرجەم ئەو فڕۆکانەی دێنە ناوەوەی عێراق، یان دەڕۆن و بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەدا تێدەپەڕن بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیارەکە لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینییەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
دەسەڵاتەکە هۆکاری بڕیارەکەی بۆ “هەڵسەنگاندنی بەردەوامی رەوشی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکە” گەڕاندووەتەوە و روونیکردووەتەوە، لە داهاتووشدا بەپێی گۆڕانکارییەکان هەڵسەنگاندنی نوێ بۆ بڕیارەکە دەکرێت.
لە کۆتاییشدا ئاماژە بەوە کراوە، هەر نوێکاری و گۆڕانکارییەک لە رەوشەکەدا هەبێت، کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە.