دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا
"شتێکى وا نەماوە بیکەینە ئامانج"
ترەمپ: شەڕەکە بەمزووانە کۆتایی دێت
964+
وریا فەتاح
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، شتێکی ئەوتۆ لە ئێراندا نەماوەتەوە تا بکرێتە ئامانج و پێشبینیش دەکات بەمزووانە شەڕەکە کۆتایی بێت، دەشڵێت، “کاتێک بمەوێت کۆتایی پێبێت، بێگومان کۆتایی دێت”.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی “ئەکسیۆس”ی ئەمریکی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی شەڕەکە و بارودۆخی ئێران، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە پرۆسە سەربازییەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن، دەڵێت، “ئێمە زۆر لە پێش وادەی دیاریکراوی خۆمانین لە شەڕەکەدا و زیانی زۆر زیاترمان گەیاندووە لەوەی کە پێشبینیمان دەکرد”.
سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچەکە، ترەمپ رایگەیاند، دوژمنایەتییەکانی تاران تەنیا لە ئیسرائیل و ئەمریکا کورت نەبووەتەوە و تێیپەڕاندووە، بەڵکو دەوڵەتانی کەنداویش دەگرێتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا هێرشی توندی کردە سەر سیاسەتەکانی رابردووی کۆماری ئیسلامی و وتی، “ئێران تەماحی لە کۆنتڕۆڵکردنی باقی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، بەڵام ئێستا باجی 47 ساڵ لە مەرگ و وێرانکاری و لەناوچوون دەدات”.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە سەرکردایەتی ئێران باجێکی قورس دەدات و هۆشداریشیدا کە “ئێران بەو ئاسانییە لە سزا رزگاری نابێت”.