"بە هێزەوە وەڵامیان دەدەینەوە"

مەسعود پزیشکیان: ته‌سلیم نابین و خەونی دوژمنان دەکەینە کابوس

964+

فەرهاد حەسەن

مەسعود پزیشکیان، سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند، هەر وڵاتێک رێگه‌ بدات خاکی خۆی بەکاربهێنرێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی ئێران و هێرشکردنە سەریان، “ناچار دەبین وەڵامی ئەو هێرشە بدەینەوە”، ده‌شڵێت، “ته‌سلیم نابین و بە دڵنیاییەوە هێزە چەکدارەکانمان بەرگری لە نیشتمان دەکەن و خەونی دوژمنان دەکەنە کابوس”.

مەسعود پزیشکیان له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆیدا له‌دوای ئه‌وه‌ی سه‌ردانی ناوه‌نده‌ پزیشكیه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد، باس لەوەدەکات، ئەو تێگەیشتن و پێشبینیانەی دوژمن هەیەتی، تێگەیشتنی خاو و هەڵەن، چونکە حەز دەکەن ئێمە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیدا لە جەنگدا بین، تاوەکو ناکۆکی لە نێوان ئێمە و وڵاتانی دیکەدا دروست بکات، “ئێمە چەندین و چەندین جار وتوومانە و نیەت و ئامانجی رێبەری مەزنیش (عەلی خامنەیی) هەر ئەوە بووە؛ کە ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی خۆماندا براین و دەبێت پەیوەندییەکانمان باش بن”.

دووپاتیشی کردەوە “ئەگەر بیانەوێت لە هەر وڵاتێکەوە هێرش بکەنە سەر خاکەکەمان و دەستدرێژی بکەن، ناچارین وەڵامیان بدەینەوە، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە ئێمە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا کێشە و شەڕمان هەیە، بەڵکو بە ناچاری، لەبەر ئەوەی هێرشیان کردووەتە سەرمان، مەجبوورین وەڵامیان بدەینەوە”.

باسی ئەوەشی کردووە، کە ئەمریکا و ئیسرائیلێک کە بێ هیچ ترس و دوودڵییەک 168 منداڵی بێتاوان دەکوژن شەرم ناکەن، لەوە شەرم ناکەن کە لە غەززە 50 بۆ 60 هەزار مرۆڤ کۆمەڵکوژ دەکەن، کەچی لەو کاتەدا دەیانەوێت بڵێن ئێمە لە ئێران دەمانەوێت خەڵک بکوژین.

پزیشکیان دەڵێت “سەبارەت بەو پێشبینییەی کە دەیکەن گوایە ئێمە داوای لێبوردنمان کردبێت؛ ئێمە لەو خەڵکە خۆشەویستە کە پێیانوایە ئەم کێشەیە لە ناوچەکەدا بووەتە هۆی نیگەرانییان، ئێمەش نیگەرانین بۆ نیگەرانییەکەیان، بەڵام ئەوانەی کە لە خاکەکەیانەوە هێرشیان کردووەتە سەرمان، بێگومان وەڵامیان دەدەینەوە و بە هێزەوەش وەڵامیان دەدرێتەوە، ئەم دوو بابەتە لەیەکتر جیان؛ ئێمە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دۆستین و ئەوان برای ئێمەن. من دوێنێش گوتم، دەبێت هەوڵبدەین و دەست بدەینە دەستی یەکتر و نابێت رێگە بدەین ئیسرائیل و ئەمریکا بە فێڵکردن و خەڵەتاندن ببنە هۆی ئەوەی وڵاتانی ناوچەکە رووبەڕووی یەکتر ببنەوە”.

“لە ناوخۆی وڵات و لە دەوروبەری وڵاتەکەمان کەسانێک هەن کە نیگەرانن یان کێشەیان لەگەڵ ئێمە و وڵاتەکەماندا هەیە، بەڕای من، ئێستا کاتی ئەوە نییە کە ئەوان بچن و لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتانەدا بوەستن کە ئەمریکا و ئیسرائیل دایدەڕێژن، با رێگە نەدەین ئەوان ببنە هۆی ئەوەی ئەم ناکۆکییانە بەکاربهێنن بۆ گەیشتن بە نیەتە گڵاوەکانیان، ئەمەش هەرگیز سەر ناگرێت”. ئەمەش قسەی سەرۆک کۆماری ئێرانە.