دوکانی دابەشکردنی بایەعی. فۆتۆ؛ خۆراکی هەولێر
وەزارەتی بازرگانیی عێراق:
پارەی بایەعی بۆ هەر نەفەرێك هەزار دینارە و زیاتر نییە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، پارەی كرێی وەرگرتنی بایەعی بۆ هەر نەفەرێك تەنیا هەزار دینارە و لەمە زیاتر نییە.
وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە 4.3.2026 بڵاویكردەوە، “بابەتی بەشەخۆراک بەتەواوی مسۆگەرە، دابەشکردنیشی بەپێی خشتە پەسەندکراوەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی دڵنیابن لە گەیاندنیان بە ئاسانی بۆ هاوڵاتیان بەبێ کەموکورتی و دەستکاریکردن”.
“تیمەکانی چاودێریکردن لە بەشی کۆنتڕۆڵی بازرگانی و دارایی بەردەوامن لە هەڵمەتە مەیدانییەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی کاری بریکارەکان و دۆزینەوەی سەرپێچییەکان، ئەمە جگە لە چاودێریکردنی بازاڕە بازرگانییەکان و وردبینیکردنی نرخی خۆراک”، لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە “نرخی بەدەستهێنانی کەلوپەلی بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر کەسێک هەزار دینارە، بەبێ زیادکردن”.
هەروەها پابەندبوونی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ “دەستەبەرکردنی کەلوپەلی بەشەخۆراک بەپێی رێسا پەسەندکراوەکان و دڵنیابوون لە رەوتی دابەشکردنی بەشێوەیەکی رێكوپێك، کە ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتیان بپارێزێت و متمانەیان بەو رێکارانەی پەیڕەو دەکرێن بەرزبکاتەوە”.