ئەوە نەما لە فەرمانگەکان یەک دنیا پەنجەرە بکەیت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لە پێنج فەرمانگەی سلێمانی سیستمی یەک پەنجەرە دەخرێتە تاقیکردنەوە. پڕۆژەکە وەرگرتنی مامەڵەی هاوڵاتیان و پێدانەوەیانە تەنیا لە یەک پەنجەرەی فەرمانگەکانەوە.
سیستمەکە سبەی یەکشەممە 12.3.2023، لە پێنج فەرمانگەی ناوشاری سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دواتری لەسەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم کاری پێدەکرێت.
بەپێی ئەو سیستمە بێت، لەمەودوا هاوڵاتی بۆ راییکردنی کارەکانی لە فەرمانگەکان پێویست ناکات ژمارەیەک پەنجەرە بکات، بەڵکو لەیەک پەنجەرە مامەڵەکەی لێوەردەگیرێت و کارەکانی لەلایەن فەرمانبەرەکانەوە دەکرێت و هەر لەو پەنجەرەیەشەوە پێیدەدرێتەوە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم سەبارەت بە پڕۆژەکە روونیکردنەوە، سیستمەکە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی گەندەڵییە.
سیستمەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی خزمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لەساڵی 2013ـەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی بە ئەلیکترۆنیکردنی کاروباری دامودەزگاکانی حکومەتە.
“یەکپەنجەرە وادەکات بە ئاسانترین شێوە مامەڵەکانی هاوڵاتیان لە فەرمانگەکان رایی بکرێت”، سەمیر هەورامی وادەڵێت.