بەبێ کۆدی (UPN) هیچ فەرمانبەرێک خانەنشین ناکرێت

وەزارەتى دارایى سیستەمی خانەنشینی دیجیتاڵی کارا کرد

964

وریا فەتاح

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی نوێدا کە ئەمڕۆ 1.3.2026 دەرچووە، میکانیزمێکی نوێی بۆ پرۆسەی خانەنشینکردنی فەرمانبەران راگەیاند و جەخت دەکاتەوە کە پرۆسەکە بە تەواوی دەخرێتە سەر سیستەمی ناوەندیی مووچە.

بەپێی بڕیارەکە، ژمارەی کەسیی بێهاوتا (UPN) بنچینەیە بۆ شایستەبوونی هەر خانەنشینێک. هەر فەرمانبەرێک ئەو کۆدەی نەبێت، ناتوانرێت دۆسیەکەی بخریتە نێو سیستەمی خانەنشینییەوە و بە هیچ شێوەیەک مامەڵەی بۆ ناکرێت.

پێویستە فەرمانگەکان سێ مانگ پێش وادەی یاسایی خانەنشینبوونی فەرمانبەر، دەست بە ئامادەکردنی دۆسیەکەی بکەن و بە شێوەی دیجیتاڵی لە ڕێگەی سیستەمەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی بکەن.

لەبارەى پلە تایبەتەکان و مامۆستایانی زانکۆ: لە بڕیارەکەدا هاتووە:

بۆ پلە تایبەتەکان، پێویستە فەرمانی هەرێمی و فەرمانی سەرۆک وەزیرانی هەبێت.
بۆ مامۆستایانی زانکۆ، پێویستە فەرمانی وەرگرتنی دواین نازناوی زانستی هەبێت.
جەختیشکراوەتەوە، ئەگەر دۆسیەیەک کەموکورتی تێدابێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ شوێنی کارەکەی و دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا راستبکرێتەوە.

ئەم گشتاندنە بە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری دەرچووە و ئامانج لێی ڕێکخستنەوەی داتای خانەنشینان و نەهێشتنی رۆتینە.