پرۆژەی رووناکی دێت؟
دنیایەکی سەیرە…هەفتەیەکە کارەبای نیشتمانی لە کۆیە نەبڕاوە و هاوڵاتیان نیگەران
+964
دەریا ئەحمەد -کۆیە
نزیکەی هەفتەیەکە کارەبای نیشتمانی لە قه‌زای کۆیە نەبڕاوە، ئەمەش گومانی لای به‌شێكی خەڵکی شارەکە دروست کردووە پڕۆژەی رووناکی لە کۆیە کارا کرابێت، به‌ڵام به‌رپرسێكی كاره‌بای قه‌زاكه شتێكی دیكه ده‌ڵێت.
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کۆیە لوقمان حەوێزی بە 964ـی وت، هۆکاری زیادبوونی کارەبای نیشتمانی و نەبڕانی، بەهۆی گۆڕانی وەرزەکەیە، کە سەرما بەرەو كه‌مبوونه‌وه چووه و خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا کەمتر بووه‌تەوە. وتیشی، “پڕۆژەی رووناکی هێشتا لە شارەکەمان چالاک نەکراوە و لەوبارەوە هیچمان پێ نەوتراوە و کاتێکی دیاریکراویشمان بۆ دانەنراوە تا پڕۆژەکە لە سنووری قەزای کۆیە چالاک بکرێت”.
وەک لوقمان حەوێزی وتی، هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە هەرکات پڕۆژەی رووناکی لە کۆیە چالاک کرا، ئێمە بە فەرمی خەڵکه‌كه ئاگاداردەکەینەوە.
بەردەوامی و نه‌بڕانی کارەبای نیشتمانی خەڵکی شارەکەی خستووه‌تە گومانەوە، بە جۆرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنووسن، “ئەگەر کارەباکەمان چووه‌تە ناو پڕۆژەی رووناکییەوە، پێویستە ئاگادارمان بکەنەوە، تا ئاگاداری بەکارهێنانی کارەبا بین، پێش ئەوەی پارەیەکی زۆرمان بۆ بێتەوە”.
پڕۆژه‌ی رووناكی، كاره‌بای 24 سه‌عاتییه و ئێستا له زۆرینه‌ی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان كارایه، بڕیاره تا كۆتایی ئه‌مساڵ هه‌موو هه‌رێمی كوردستان بگرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی نرخی گرانی كاره‌باكه و هاتنه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر بۆ هاوڵاتیان، به‌شێكی هاوڵاتیان پێی دڵخۆش نین و نیگه‌رانن.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا