دیمەنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" وێنە: رۆیتەرز
"ئەمریکا هێزی دەریایی خۆی لە ناوچەکەدا بۆ دوو هێندە زیاد دەکات"
دووەم فڕۆکەهەڵگری ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوت
964+
ژێوار خدر
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریدا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد” و چەند کەشتییەکی جەنگیی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەمەش دوای هۆشدارییە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ دێت بۆ ئێران و وەک ئامادەباشییەک بۆ هەر رووبەڕووبوونەوەیەک دەبینرێت.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم کەشتییە نوێیە دەچێتە پاڵ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری “ئەبراهام لینکۆڵن” کە لە ئێستادا لە ناوچەی کەنداوە، بەمەش ئەمریکا هێزی دەریایی خۆی لە ناوچەکەدا بۆ دوو هێندە زیاد دەکات.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، تیمی کەشتییەکە ئاگادارکراونەتەوە و جووڵەی سەربازی بۆ چەسپاندنی پێگەی واشنتۆن لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە.
دۆناڵد ترەمپ لە پلاتفۆرمی “تروس سۆشیاڵ” جەختی لەم جووڵە سەربازییە کردەوە و رایگەیاند، گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە ماوەی یەک مانگدا ئەگەری هەیە، بەڵام هۆشداریی دا ئەگەر تاران بە خێرایی رازی نەبێت، دۆخەکە بۆ ئەوان “زۆر بەئازار” دەبێت.
ترەمپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ باسی لەوەش کرد، کە ئیسرائیل لە بارودۆخەکە تێدەگات، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەسەر جۆری رێککەوتنەکە لای خودی ئەو دەبێت.