"گاڵتەجاڕییە و پێناسەی کورد ناکات"
بەشی کتێبی کوردی لە پێشانگاکەی دیمەشق بەشێکی پەراوێزخراوە
964+
فەرهاد حەسەن
بەشی کتێبی کوردی، لە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبی دیمەشق، بەشێکی پەراوێزخراوە، وەکو ئەوەی بەدواداچوونی بۆ کراوە، ئەوانەی لەو بەشەدا نمایش کراون بە “گاڵتەجاڕی” باس دەکرێت چونکە بێ ناوەڕۆک تەعبیر لە توانای مێژوو و ئەدەبیاتی کوردی ناکات.
ئاژانسی هەواڵی هاوار بەدواداچوونی مەیدانی بۆ ناو پێشانگاکە کردووە، دەڵێت، هورچەندە سازکردنی پێشانگاکە بە هەوڵی تاکەکەسییە بەڵام حکومەتی کاتی سوریا پشتگیری کردووە و بەشی کوردی لەو پێشانگایە زۆر بە لاواز و پەراوێزخراو دەردەکەوێت چونکە “هیچ بەرهەمێکی مێژوویی و هاوچەرخی کوردی تێدا نابیندرێت و لەبری ئەوە، چەند دەستنووسێک و وێنەیەکی کۆنی و هەندێک کۆپی یەکەم گۆڤار و رۆژنامەی کوردی کە لە ساڵی 1932 لە دیمەشق چاپ و بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ چەند کتێبێکی ئایینی، نمایش کراون”.
ئاماژە بەوەشکراو، پێشانگاکە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی کاتی دیمەشقەوە کراوەتەوە، بەشی کوردیش یەکەمجارە لە پێشانگاکانی کتێب لە سوریا دادەندرێت، بەڵام بەشەکە هیچ پێناسەیەک بۆ 15 ساڵی رابردووی ئەو واقیعە رۆشنبیرییە نەکردووە کە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا هەیە، ئەوەی بۆ بەشی کوردییەکە کراوە جێبەجێکردنی سیاسەتی و بیروڕای حکومەتی کاتی دیمەشقە.
ئەوە روونکراوەتەوە، لە ماوەی ئەم 15 ساڵەدا لە شارە کوردییەکانی وەکو قامیشلۆ و حەسەکە و کۆبانی و ئەوانی دیکە پێشانگای بەرفراوانی کتێب سازکراون و ساڵانە بە دەیان دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، سەدان کتێبیان بە زمانی کوردی بڵاوکردووەتەوە.
بەشێک لەوانەی سەردانی پێشانگاکەیان کردووە و چاویان بە بەشە کوردییەکە کەوتووە دەڵێت ئەوەی بۆ ئەم بەشە کراوە، تەنیا هەوڵێکی رووکەشە بۆ پابەندبوون بە فەرمانەکانی حکومەت سەبارەت بە پێکهاتە کولتوورییەکان، بەبێ ئەوەی هیچ هەوڵێکی راستەقینە بۆ پیشاندانی دەستکەوتە راستەقینەکانی کورد چ لە رووی مێژوویی و چ لە سەردەمی هاوچەرخدا، وەک ئەوەی کەلتووری کوردی بەرجەستەی کردووە، ئەوەی کراوە “گاڵتەجاڕی”یە.