بۆ دۆلاری 132 هەزاری
دەیان گەشتیار لەبەردەم ئاڕ تی بانکن
964+
مریەم ئەحمەد
بۆ دۆلارە هەرزانەکە دەیان گەشتیار لە شەوەوە سەرەیان گرتووە، ئەوان دەڵێن جیاکاری دەکرێت و کارەکانی بانکەکە رۆتینی زۆرە.
ئەمڕۆ پێنچشەممە 9.3.2023، لە بانکی ئاڕ تی (RT BANK) دەستکرا بە دابەشکردنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بەسەر گەشتیاران کە بۆ هەر 100 دۆلارێک 132 هەزار دینارە.
ئاڕ تی بانک، دەکەوێتە شەقامی 40 مەتری شاری هەولێر، نزیک بینای سەرۆکایەتی هەرێم.
دۆلارە هەرزانەکەی دەدرێت بە گەشتیاران بە مەرجی ئەوەیە کە کەسی گەشتیار تکتی چوون و هاتنەوەی لەلا بێت، هەروەها ڤیزا و پاسپۆرت، ئینجا بۆی هەیە تاوەکو حەوت هەزار دۆلار (70 وەرەقە) بە نرخی 132 هەزار دینار وەربگرێت.
بۆ دەستخستنی دۆلارە هەرزانەکە، لە شەوەوە دەیان گەشتیار لە بەردەم بانکەکە سەرەیان گرتووە، پەیامنێری 964 لەبەردەم بانکەکەیە و دەڵێت: لە ئێستادا نزیکەی 100 گەشتیار لێرەن و نۆرەیان گرتووە.
لە پێش بانكی ئاڕتی كە تایبەتە بە كڕین و فڕۆشتنی دۆلار قەلەبالغیەكی زۆر دروست بوە لە نۆرە وەرگرتنی دۆلار.
ئەحمەد ئەسعەد، یەکێک لەو گەشتیارانەیە کە قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت: زۆرێکمان لە سەعات یەکی شەو لێرەین و سەرەمان گرتووە بۆ وەرگرتنی دۆلار، بەڵام رۆتینیاتی بانکەکە هۆکاری ئەو قەرەباڵغییە و وەک پێویست کارەکان رایی ناکەن.
لای خۆیەوە كۆڤان خالد، بە 964 وت، کە لە کاتژمێر چواری بەیانی لەبەردەم بانکەکەیە و نۆرەی گرتووە، لە کاتژمێر 8:30ـەوە بانک کراوەتەوە تاوەکو ئێستا 10 بۆ 15 گەشتیار بەڕێکراون.
ترسی ئەو هاوڵاتیانە لەوەدایە کە بانکەکە کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ، دەوامی کۆتایی دێت و ناچار بن بەیانی جارێکی دیکە سەرە بگرنەوە.