وەزارەت بێ منەتە و دەڵێت، بەدلیڤەری ئیشەکەی ئێوە دەکەین
بریکارەکانی خۆراک دژی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق گردبوونەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
بریکارەکانی خۆراک و ئارد لە کەرکوک دژی بڕیارێکی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبەردەم بینای پارێزگا گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی، وەزارەتی بازرگانیش، دەڵێت، هەر بریکاریک بڕیارەکەی بەدڵ نییە، خۆیان بەدلیڤەری بەشە خۆراکەکان دەگەیەننە هاوڵاتیان.
رەوان شەریف بریکاری خۆراک بە 964ـی وت، “پێشتر لە هاوڵاتی هەزار دینارمان وەردەگرت، بڕی 450 دیناری دەگەڕایەوە بۆ حکومەت و 500 دیناریشی بۆ بریکار بوو، لەبری کرێی گواستنەوە و دوکان و ئینتەرنێت وموەلیدە، بەڵام ئێستا وەزارەتی بازرگانی دەڵێت، 950 دیناری بگڕێنەوە بۆ حکومەت و تەنیا 50 دینار بۆ ئێوەی بریکار”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی رابردوو نوێنەریان چووەتە وەزارەتی بازرگانی و دوایان لێکردوون بەبڕیارەکەدا بچنەوە، بەڵام بێ منەت کراون و پێیان وتراوە، هەر بریکارێک بەدڵی نییە، ئەوا خۆیان بە دلیڤەری بەشە خۆراکی هاوڵاتیان دەگەیەننە ماڵەکانیان.
کامەران جەبار یەکێکی دیکە لە بریکارە ناڕازییەکان دەڵێت، “بەهۆی ئەو بڕیارەوە کارەکانمان وەستاندووە و چەکی بانکیمان نەکردووە تاوەکوو وەزارەت بە بڕیارەکەدا بچێتەوە، هەر لەبەر ئەوەش نرخی خۆراک و پێداویستییەکان گران بووە، بۆ نموونە دەبەیەک زەیت گەیشتووەتە سێ هەزار دینار”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری