دیمەنی راگەیاندنی هێزە خۆبەخشییەکە لە ترەپەسپی
ئەحمەد هێمن لەوێ گیانی بەخشی
لە ترەپەسپی هێزێک بەناوی شەهیدەکەی کەرکوک راگەیەندرا
964+
ئەحمەد مستەفا
ناوی شەهیدەکەی کەرکوک، کە لە رۆژئاوای کوردستان گیانی بەخشی، کراوە بە ناونیشانی هێزێکی سەربازی بە ناوی شەهید “ئەحمەد هێمن”، ئەو یەکەم شەهیدی باشووری کوردستانە لە بەرخۆدانی رۆژئاوا بەرامبەر سوپای سوریا.
میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان دیمەنی دامەزراندن و راگەیاندنی هێزەکەیان بڵاوکردووەتەوە، کە ژنان، پیاوان و گەنجان لە ریزی پێشوەی هێزەکەن و پیاوێک بە جلی کوردییەوە نوێەرایەتییان دەکات وەک فەرماندە.
ئەو فەرماندەیە دەڵێ، هێزەکەیان بەناوی شەهید “ئەحمەد هێمن” شەهیدی باشوور ناو ناوە و ئامانجییان پاراستنی کەرامەتی گەلی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان.
ئەو هێزە کە سەرجەمیان خۆبەخشن و پێکهاتەی خەڵکی ترەپەسپی لە رۆژئاوای کوردستان و ژمارەیەک گەنجی باشووری کوردستانن، راگەیاندنی هێزەکەیان بەو ناوە بۆ رای گشتی بڵاوکردووەتەوە.