وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
نووسراو دەرچوو
وەزارەتی رۆشنبیری داوای راگرتنی پەخشی چەند كەناڵێكی عەرەبی و بیانی دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردەوە، سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی كوردستان، بە نووسراوێكی فەرمی داوا لەو كۆمپانیایانە كردووە كە پەخشی كەناڵەكان لەسەر ئامێری ریسیڤەر دەكەن، پەخشی ئەو كەناڵە بیانی و عەرەبییانە رابگرن، كە رق بڵاودەكەنەوە و بێڕێزی بە كورد دەكەن.
نووسراوەكە بە ئیمزای بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردەوە شێروان عەوڵا خورشید ئەمڕۆ چوارشەممە 28.1.2026 ئاراستەی ژمارەیەك لەو كۆمپانیایانە كراوە، كە پەخشی كەناڵە ناوخۆیی و بیانییەكان لەسەر ئامێرە تایبەتەكان دەكەن.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، “ئاگادارتان دەكەینەوە پەخشی ئەو كەناڵە بیانی و عەرەبییانە لەسەر رایەڵەكانتان رابگرن، بە تایبەتی ئەو كەناڵانەی لە باری ئێستای كوردستاندا بوونەتە هۆكاری پشێوی و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی، ئەو كەناڵانەی بێڕێزی بە كورد دەكەن.
هەروەها داواكراوە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی بڕیارەكە، دەستبەجێ پەخشی ئەو كەناڵانە رابگیرێن و بە پێچەوانەوە پەخشكردنی ئەو جۆرە كەناڵانە، پێچەوانەی رێنماییەكانی مۆڵەتدان و داواكردنی فریكوێنسییە.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لەلایەن تیمێك لە پارێزەرانی هەولێرەوە لە سەرۆكایەتیی داواكاریی گشتی داواكاری پێشكەش كرا بۆ داخستنی نووسینگەكانی هەردوو كەناڵی ئەلجەزیرە و ئەلحەدەس لە كوردستان.