گەنجێكی كورد لە نەخۆشخانە یاوەریی دەكات

لە هەولێر گەنجێکی سوری لە مردن رزگار کرا

+964

رێباز خدر – هەولێر

لە شاری هەولێر گەنجێکی بە نەتەوە عەرەبی خەڵكی سوریا تووشی حاڵەتێكی تەندروستی ترسناك بووە و پزیشكەكانی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا ژیانیان لە مردن رزگار كرد، ئەوەی جوانە كوڕە كوردێكی هەولێر یاوەری ئەو نەخۆشە دەكات و بەردەوام ئاگای لێیەتی و هەستی مرۆڤانە و برایانە و كوردانەی خۆی لەوپەڕی بەرزی راگرتووە.

ئەو كوڕەی خەڵكی سوریا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 22.01.2026 تووشی حاڵەتێکی لەناکاوی تەندروستی بووە و وەك ئەو پزیشكەی نەشتەرگەری بۆ كردووە دەڵێت، تووشی شۆکی تەندروستی بوو.

دکتۆر سادق عزیز خۆشناو، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا، چیرۆكەكەی بۆ 964 گێڕایەوە: ئەو کاتەی نەخۆشەكەیان هێنا نەخۆشخانە من پزیشکی ئێشکگر بووم ، بینم کە نەخۆشەکە تووشی حاڵەتی شۆک بووە و هۆکارەکەی تەقینی دوانزە گرێی بووە، دوای دوو کاتژمێر لە نەشتەرگەری دواجار توانیمان نەخۆشەکە لە لێواری مردن رزگار بکەین و مەترسی مردنی لەسەر نەماوە.

هەروەها وتی، “ئەوەی سەرنجی من راکێشابوو گەنجێکی شاری هەولێر کە بەیەکەوە کاریان کردووە، هێنابووی بۆ نەخۆشخانە و هاوشێوەی کەسی نزیکی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکرد و بە ئێمەی تیمی  پزیشکی دەگوت، تکایە دکتۆر هەرچیتان پێ دەکرێت بۆی بکەن”.

دكتۆر سادق عەزیز دەڵێت، خەڵكی كورد هەمیشە خاوەن رەوشتی بەرز و كوردانە و مرۆڤدۆستین و بارودۆخ كاریان لێناكان لەوەی دەست لە كولتوور و رەوشتی بەرزیان بەربدەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

گەرمیان بایی 500 ملیۆن دینار پێداویستی تەندروستی بۆ رۆژ...

گەرمیان بایی 500 ملیۆن دینار پێداویستی تەندروستی بۆ رۆژئاوا کۆکردەوە