ترەمپ وادەڵێ

كەشتییەكی دیكەی جەنگیی ئەمریكا بەرەو ئێران بەڕێوەیە

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، كەشتییەكی دیكەی جەنگی بەرەو ئێران بەڕێوەیە، هیواشی خواست ئێران لەگەڵ واشنتن رێكبكەوێ و جەنگ روونەدات

سەرۆكی ئەمریكا لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: كەشتییەكی دیكەی نایابمان بەرەو ئێران بەڕێوەیە، بەڵام بە هیوای ئەوەین لەگەڵ ئێران رێبكەوین.

وردەكاری لە بارەی كەشتییەكە و هێزەكەی هەڵیگرتووە، بڵاونەكراوەتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، كەشتی یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكۆڵن گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە یەكێكە لە كەشتییە جەنگییە هەرزەبەلاحەكانی ئەمریكا و بە دەیان فڕۆكە و مووشەك و هێزێكی گەورەی سەربازی هەڵگرتووە.

چەند رۆژێكە تەپڵی شەڕ لە ناوچەكە لێدەدرێت، تەنانەت چاودێرانی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرنجی ئەوەیان خستووەتەڕوو، كە لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا ئەمریكا هێرش دەكاتە سەر ئێران.

ئێران لە گفتوگۆیەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پاشەكشەی كردووە، ئەمریكاش هەوڵدەدات بەو هەڕەشانە بیگەڕێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بە مەرجەكان رازی بێت.