لەبارەى ئاگربەست

مەزڵوم عەبدى دوو پەیامى بڵاوکردەوە

وریا فەتاح

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە دوو پەیامی جیاوازدا وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی باڵای لەگەڵ ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرا کرد، کە هەردوولا جەختیان لە چەسپاندنی ئاگربەست کردووەتەوە.

دیداری هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی ئەمریکا:

مەزڵوم عەبدی رایگەیاند، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی ترەمپ و ئەدمیرال براد کوپەر فەرماندەی سەنتکۆم کۆبووەتەوە.

وەک باسى دەکات، پشتیوانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بۆ ئاگربەست و هەوڵەکانی “تۆم باراک” بۆ گەڕانەوەی دیالۆگ لە نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا جدی و جێگەی بایەخە.

دەشڵێت: هەسەدە بە هەموو توانایەکیەوە کار بۆ پاراستنی ئاگربەست و “تێکەڵبوونی راستەقینە” دەکات.

پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ماکرۆن:

لە لایەکی ترەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەزڵوم عەبدی ئەنجامدا.

بەپێى ئەو پەیامەى لە ئێکس بڵاوى کردووەتەوە، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدى دەڵێت: ماکرۆن پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی دەربڕیوە.

لە پەیوەندییەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا و “پاراستنی مافی پێکهاتەکان” کراوەتەوە.

بایەخی ئەم جوڵانە:

ئەم کۆبوونەوە و پەیوەندییانە لە کاتێکدایە کە هەوڵێکی نێودەوڵەتی چڕ هەیە بۆ رێگریکردن لە پێکدادانی زیاتر لە رۆژئاواى کوردستان و گۆڕینی ئاراستەی ململانێکان بەرەو دیالۆگی سیاسی.