فڕنێکى نان لە حەسەکە
سەرەڕاى راگەیاندنى بارى نائاسایى
فڕنەکانی حەسەکە 24 کاژێر کار دەکەن
964+
وریا فەتاح
سەرەڕای راگەیاندنی باری نائاسایی (نەفیر عام) و ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی شاری حەسەکە دەبنەوە، فڕنەکانی شارەکە کارەکانیان نەوەستاندووە و بەردەوامن لە دابینکردنی نان بۆ هاووڵاتیان.
جوان حەسەن ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی ئابووری لە ئەنجومەنی شاری حەسەکە بە ماڵپەڕی فەرمیی “بەڕێوەبەریی خۆسەر”ی راگەیاندووە؛ سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی باس لە پەککەوتن یان وەستانی فڕنەکان دەکەن، “دوورن لە راستییەوە”.
دەشڵێت: فڕنی سەر بە ئەنجومەنی شاری حەسەکە بە تەواوی وزەیانەوە و بە درێژایی 24 کاژێر کار دەکەن بۆ ئەوەى هیچ جۆرە کەمبوونی نان لە ناو شارەکەدا دروست نەبێت و هاووڵاتیان تووشی گرفت نەبن.
بەرپرسی لیژنەی ئابووری جەختی کردەوە کە ریتمی کارکردنیان خێراتر دەکەن بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی قەرەباڵغی لەبەردەم فڕنەکان بگرن.
ئەم هەنگاوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حەسەکە وەک هەوڵێکە بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵک و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لەم دۆخە هەستیارەی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستاندا.