دۆخى ئێستاى رۆژئاوا

حەسەکە دەبێتە “کۆبانێی دووەم”

964+

وریا فەتاح

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە رۆژئاوای کوردستان، وردەکاریی نوێترین پێشهاتە سەربازییەکانی بەرەکانی جەنگی بۆ 964 ئاشکرا کرد و رایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەسەکە جەبهەیەکی فراوانیان کردووەتەوە کە تێیدا 20 هەزار شەڕڤان بە چەکی قورس و تۆکمەوە جێگیربوون.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، دۆخی بەرەکانی جەنگ بەم شێوەیەیە:

بەرەی کۆبانێ: تێکشکانی هێرشەکان
چەکدارانی سەر بە حکومەتی سووریا هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە بچنە ناو شاری کۆبانێ، هێرشەکان لە دوو میحوەرەوە بوون؛ “چەلەبییە و سرین”. سەرچاوەکە دەڵێت: “هێرشبەران گەیشتوونەتە دەوروبەری کۆبانێ، بەڵام بەرگرییەکی سەخت هەیە و هەسەدە چەندین جار هێرشەکانی تێکشکاندوون.”

تەل بارود: پێشڕەویی هەسەدە
بەپێى لێدوانى ئەو سەرچاوەیە، ئێوارەى ئەمڕۆ سێشەممە، لە گوندی “تەل بارود” کە دەکەوێتە نێوان کۆبانێ و گرێ سپی، شەڕێکی سەخت لە ئارادایە، بەڵام لەوێ هێزەکانی هەسەدە دەستپێشخەرییان کردووە و پێشڕەوییەکی بەرچاویان بەرەو پێشەوە هەبووە.

رەقە: سێ رۆژە زیندانی ئەقتان دەورەدراوە
لە رەقە، زیندانی “ئەقتان” کە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و چەکدارانی داعشی تێدایە، سێ ڕۆژە لەلایەن چەکدارانی هێرشبەرەوە دەورەدراوە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی، بەڵام هێزەکانی پاراستنی زیندانەکە تائێستا هەموو هێرشەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە.

حەسەکە: کۆبانێی دووەم
سەرچاوە بەرپرسەکەی رۆژئاوا، دۆخی ئێستای حەسەکە بە “کۆبانێی دووەم” وەسف دەکات، لە تلتەمەرەوە تاوەکو دەوروبەری کەمپی هۆل، جەبهەیەکی فراوان کراوەتەوە و 20 هەزار شەڕڤان بە چەکی پێشکەوتووەوە ئامادەی بەرگریین.

سەرچاوەکە جەخت دەکاتەوە کە “هێزەکان زۆر تۆکمەن، چەکی باشیان پێیە و لەسەر خاکی خۆیان دەجەنگن، بۆیە ڕێگە نادەن هیچ هێزێک پێشڕەوی بکات.”

لە باشووری حەسەکە هێرشێکی گروپە چەکدارەکانی سوریا پوو...

لە باشووری حەسەکە هێرشێکی گروپە چەکدارەکانی سوریا پووچەڵکرایەوە