دیمەنی بەفربارین _ وێنە: ئەرشیف
سەرماى زیاتر لەڕێیە
شەپۆلێکى ترى باران و بەفر هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
964+
وریا فەتاح
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینییەکانی بۆ چوار رۆژی داهاتوو بڵاوکردەوە، بەپێی راپۆرتەکە لە بەیانی شەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین و بەفربارین روو لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرما بە نزمی دەمێننەوە.
کەشی رۆژی شەممە و پلەکانی گەرما:
بۆ سبەی شەممە، ئاسمانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەور دەبێت و باران دەبارێت، نزمترین پلەکانی گەرما لەسەر ئاستی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێم تۆمار دەکرێن کە بەم شێوەیەن:
سلێمانی: 7 پلە
دهۆک: 8 پلە
هەولێر: 9 پلە
نەینەوا: 10 پلە
کەرکوک: 11 پلە
بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان:
وەک ئەوەى کەشناسى عێراق پێشبینى کردووە، رۆژى یەکشەممە، ئاسمان هەور دەبێت و باران دەبارێت، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت، هەرچەندە پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبنەوە بەڵام هەر بە ساردی دەمێننەوە.
هاوکات رۆژی دووشەممە، بارانبارین بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان جارێکیتر بەفر دەبارێتەوە.
لەبارەى کەشى رۆژی سێشەممە، ئەگەری بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و لە لوتکەی چیاکانیش بەفر دەبارێت، پلەکانی گەرما لەم ناوچانە جێگیر دەبن.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەم شەپۆلە زیاتر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ناوچە شاخاوییەکان پشکی شێریان لە بەفربارینەکە بەردەکەوێت.