“بلێ” چاوه‌ڕێیه كاره‌باكه‌ى به‌هاری وه‌ك زستان نه‌بێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هاوڵاتیانى “بلێ”ى ناوه‌ندى ناحیه‌ى بارزان، ته‌واوى وه‌رزى زستانیان به كارهبایێكی زۆر خراپ به‌ڕێكردووه، رووى گله‌یی و ره‌خنه‌كانیان له كه‌مى كاره‌بایه، وته‌بێژى كاره‌باى ئیداره‌ى سۆرانیش ده‌ڵێ، له سنووره‌كه‌یان كێشه‌ى كه‌میی ڤۆڵتی هه‌یه، گرفتى “بلێ”ش یه‌كێكه له‌وانه.
به‌پێی ئه‌و گله‌یی و ره‌خنانه‌ى له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى سنوورى شارۆچكه‌ى بلێ بڵاوكراونه‌ته‌وه، هاوڵاتیان له زستاندا كێشه‌ى كه‌مى كاره‌بایان هه‌بووه، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه تا ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌یان به‌رده‌وامه.
شارۆچكه‌ى بلێ، ناوه‌ندى ناحیه‌ى بارزانه لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، زیاتر لە هەزار و 500 خێزانى لێده‌ژیت، خاوه‌ن نزیكه‌ى 700 دوكان و ماركێتی گەورەیه، جگە لەوەی زیاتر لە 30 فەرمانگەی حكومی لەو شارۆچكه‌یه بوونیان هەیە.
وه‌فا سه‌یدخان ، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى كاره‌باى ئیداره‌ى سۆران، ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه كه‌موكوڕى له كاره‌باى سنووره‌كه‌یان هەیە، به 964ـى راگه‌یاند “گرفتى كاره‌با له زۆربه‌ى سنووره‌كه‌مان هه‌یه، كه شارۆچكه‌ى بلێش یه‌كێكه له‌وانه”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، گرفتى كاره‌با له سنوورى سۆراندا كێشه‌ى كه‌میی ڤۆڵتییه، ئاشكراشی كرد “ماوه‌یه‌كه كار له‌سه‌ر دروستكردنى وێستگه‌یه‌كى تایبه‌ت بۆ سنوورى ئیداره‌كه‌مان ده‌كرێت”.
به قسه‌ى وته‌بێژى كاره‌باى ئیداره‌ى سۆران، له سنوورى گوندى دێڵزیان وێستگه‌یه‌ى كاره‌با دروست ده‌كرێت وتیشی “زه‌ویشی بۆ ته‌رخان كراوه”.
ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه، به ته‌واوبوونى ئه‌و وێستگه‌یه سنووره‌كه‌یان كێشه‌ى كاره‌باى نامێنێت “چونكه ئه‌و وێستگه‌یه دابه‌شی سه‌ر چه‌ند فیده‌رێكی كاره‌بایی ده‌كرێت و بۆ ته‌واوى سنورى ئیداره‌ى سۆران بڵاوده‌كرێته‌وه”.
له باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كاره‌باى شارۆچكه‌ى بلێ، ئاماژه‌ى به‌وه‌دا “سنوورى بلێ له رێگه‌ى فیده‌رێكی تایبه‌ته‌وه به‌و وێستگه نوێیه ده‌به‌سترێته‌وه و كێشه‌كانى چاره‌سه‌ر ده‌بێت”.
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، دوو محاویله‌ى كاره‌با بۆ بلێ ته‌رخانكراوه، كه به‌م زووانه بۆیان ده‌به‌سترێت و كێشه‌ى كاره‌بایان نامێنێت.