رۆژانە لە سلێمانی ١٣٠٠ تۆن پاشماوە فڕێدەدرێت

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

لە شاری سلێمانی رۆژانە یەک هەزار و ٣٠٠ تۆن پاشماوە فڕێدەدرێت کە زیاتر لە ٦٥ تۆنی پاشماوەی تەندروسیییە، رێکخراوێکی ژینگەییش دەڵێت بەشیك لەو پاسماوانە چارەسەر ناكرێن و تێكەڵێ‌ ژینگە دەكرینەوە.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە لە شوێنی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکە لە تانجەرۆ، چەند رێکخراوێکی ژینگەپارێزی نێودەوڵەتی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا و مەترسیەكانی پیسبوونی ژینگە و قەبارەی فڕێدانی خۆڵ و خاشاكیان بە شێوەیەكی نا تەندروست لە راپۆررتێكدا خستەروو.

بەپێی توێژینەوە و ئاماری رێکخراوە ژینگەییەکان، خەرجی كۆكردنەوەی پاشماوە لە سلێمانی ساڵانە ٢٥ ملیار دینارە و سەدا ٦٠ی پاشماوەکان خۆراکە، و سەدا ٢٠ی پلاستیکە و سەدا ١٠ی دیکە پاشەڕۆی ئەوانی دیکەیە.

لە کۆنفرانسەکەدا هاژە خالید، ئەندامی رێكخراوی ژینگەپارێزان، راگەیەندراوی رێكخراوەكانی خویندەوە و وتی، رۆژ بە رۆژ ژینگەی سلێمانی بەرەو خراپتر دەڕوات، بووەتە مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵكەكەی هۆكارەكەشی گرنگی پێنەدانی لایەنە پەیوەندیدارەكانە.

هاژە وتیشی، تەنها لە نەخۆشخانە حکومییەکان رۆژانە زیاتر لە ٥٠ تۆن پاشماوەی تەندروستیی فڕێ دەدرێت، پاشماوەی نەخۆشخانە تایبەتەکانیش ١٥ تۆنە.

رێکخراوەکان باسیان لەوە کرد کە پاشماوە تەندروستییەكان زۆرن و ئامێرە سوتێنەرەكان توانای سوتاندنی ئەو بڕەیان نیە، بەو هۆیەوە رۆژانە سەدان تۆن، لە نەخۆشخانە تایبەت و حكومییەكان، دەگوازرێتەوە بۆ ناوچەی تانجەرۆ، هەندێجار دوای مانگێك دەخرێنەوە ژێر گڵەوە، هەندێک جاریش بە ئاوەڵایی دەمێنێتەوە، بەشێكی دیكەش لە پاشماوە شلەكان دەخرێنە ئاوڕۆكانەوە، نەخۆشخانەكانیش یەكەی چارەسەری ئاوڕۆیان نیە.