پچڕانی هێڵەکانی پەیوندی نیگەرانی کردوون
خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سێ رۆژە ئاگای لە خانەوادەکەی نییە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفۆن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەو هاوڵاتی و کرێکارانەی نیگەران کردووە کە بۆ کەسابەت روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و دەڵێن، چەند رۆژێکە لە خانەوادەکانیان بێ خەبەرن.
عەتا قانع خەڵکی شاری سەقزە، بەگەسک و کەرەستەی خاوێنکردنەوە چەند ئامێرێکی مۆسیقای دروستکردووە و لەسەر شەقامەکانی سلێمانی بە ژەنینی ئەو ئامێرە تایبەتیانە، سەرنجی خەڵک و گەشتیاران بۆ لای خۆی رادەکێشت.
عەتا قانع قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “سێ رۆژە هیچ خەبەرێکم لە کەسوکار و خانەوادەکەم نییە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی 20 رۆژ دەبێت هاتووەتە سلێمانی و ناشزانێت کەی وەزعەکە ئاسایی دەبێتەوە و هەواڵێکی لەلایەن خێزانەکەیەوە پێدەگات.
دوو هەفتەیە خۆپیشاندان و نارەزایی دژی گرانی و بێکاری لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکردووە و بەهۆیەشەوە لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، حکومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندی لەسەر هاوڵاتیانی وڵاتەکەی پچڕاندووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری