"360 دۆنم زەویمان داگیرکرابوو"
دوای 15 ساڵ دادگا لە بەرژەوەندی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بڕیاریدا
964+
رێباز خدر – هەولێر
دوای 15 ساڵ، دادگا لە بەرژەوەندی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بڕیاریدا و وەک خۆیان دەڵێن، 360 دۆنم زەوی داگیرکراویان بۆ دەگەڕێتەوە.
عەبدولڕەحمان عەلی سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بە 964ـی وت، “دوای 15 ساڵ لە داگیرکردنی زەوی شاری ئەندازیاران لە لایەن کۆمپانیایەکەوە، دواجار دادگا بەیاسا مافی بۆ خاون ماف گەڕاندەوە کە ئێمەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستانین”.
“موڵکەکە 360 دۆنم زەوی بوو و لە پڕۆژەی شاری ئەندازیاران لەسەر رێگای کەسنەزانی شاری هەولێرە، دادگاییەکەش دوو قۆناغی دیکەی ماوە و ئومێد دەکەین، لەو دوو قۆناغەشدا یاسا سەرەوەر بێ و لە بەرژەوەندی ئێمە بڕیار بدرێت”، عەبدولڕەحمان عەلی وای وات.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەچاوی دۆخی سوودمەندانی ئەو پڕۆژەیە دەکەن، واتە ئەو کەسانەی کە لە پڕۆژەکە زەوی یان موڵکیان کڕیوە.
شاری ئەندازیاران دەکەوێتە سەر شەقامی هەولێر – کەسنەزان کە لە ساڵی 2010ـەوە دەستکراوە بە دروستکردنی یەکەی نیشەجێبوون تێیدا، لە ئێستادا دابەشکراوە بۆ چەند پڕۆژەیەکی تر ئەوانیش، دوبەی سیتی، مارینا سیتین.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری