خۆشەویستى نەنکى کردى بە پاسکیلسوار

چیرۆکى گۆڤار و پاسکیلەکەى؛ دوو هاوسەفەر

964+

ئاکام غەفور- سۆران

چیرۆکی گۆڤار و پاسکیلەکەی لە “وەفا”وە دەست پێدەکات و ئێستا گەیشتووەتە لووتکەی شاخەکان و ناو بەفر، گۆڤار میقداد، مامۆستایەکی تەمەن 28 ساڵانی خەڵکی هەریرە، ئەو تەنها بۆ وەرزش سواری پاسکیل نابێت، بەڵکو پاسکیلەکەی مێژوویەکی پڕ لە میهرەبانی لەپشتە.

ساڵی 2020 کاتێک گۆڤار ژیانی هاوسەرگیری پێکدەهێنێت و لە هەریر نیشتەجێ دەبێت، بۆ ئەوەی زوو زوو سەردانی داپیرەی لە گوندی “میراوە” بکات، پاسکیلێک دەکڕێت، ئەو 18 کیلۆمەترەی نێوان هەریر و میراوە، بووە سەرەتای عەشقێکی گەورە بۆ ئەو ئامێرە دوو تایەیە.

لە 18 کیلۆمەترەوە بۆ 180 کیلۆمەتر
ئەوەی وەک سەردانی خزمایەتی دەستی پێکرد، لە ساڵی 2023 گۆڕا بۆ خولیایەکی جیهانی، گۆڤار ئێستا شارەکانی کوردستان بە پاسکیل دەبڕێت، درێژترین گەشتی، بڕینی 180 کیلۆمەتر بوو بەرەو “شێروان مەزن”.

بە پاسکیل چێژ لە وردەکارییەکانی سروشت دەبینم کە بە ئۆتۆمبێل هەرگیز هەستی پێ ناکەیت

گۆڤار کاتێک بە جانتا و کەلوپەلەکانیەوە لە هەورازە سەختەکانی ئاکرێ، بارزان، سۆران و حاجی ئۆمەران دەردەکەوێت، زۆرێک لە هاووڵاتیان وا دەزانن گەشتیارێکی بیانییە.

گۆڤار بۆ 964 دەڵێت: “زۆر جار خەڵک لە رێگا دەوەستن، دەیانەوێت یارمەتیم بدەن یان پاسکیلەکەم بۆ بار بکەن، وا دەزانن ماندووم، بەڵام نازانن من لەناو چێژی گەشتەکەدام”.

بۆ ئەم گەنجەی هەریر، پاسکیل تەنها ئامێرێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو هاوڕێیەکی دڵسۆزە کە لە سۆزی داپیرەوە فێری “پشوودرێژی” و “گەڕان”ی کردووە.

مامۆستایەک بە پایسکلەکەی دەچێت بەشوێنی قوتابیەک چونکە...

مامۆستایەک بە پایسکلەکەی دەچێت بەشوێنی قوتابیەک چونکە لەخەو مابوو