لە دەربەندیخان و شەقڵاوە
هەینی داهاتوو هەڵمەتێکی دیکەی چاندنی زاگرۆسانە لە هەرێم بەڕێوەدەچێت
964+
فەرهاد حەسەن
هەینی ئەم هەفتەیە هەڵمەتێکی دیکەی چاندنی زاگرۆسانە لە هەرێم بەڕێوەدەچێت و هەردوو قەزای دەربەندیخان و شەقڵاوە دەگرێتەوە و بە هەزاران بەڕوو دەچێندرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی گروپى بەشداربووانى زاگرۆسانەى باشور، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو قۆناغی یەکەمی هەڵمەتەکەیان لە سنوری قەزای قەرەداغ بەڕێوەبرد رۆژی 12.12.2025 لە چیای بەرانانی دەربەندیخان و شەقڵاوە بەڕێوەدەچێت.
ئاماژە بەوەکراوە ئەوە ساڵى حەوتەمە هەڵمەتی زاگرۆسانە بەڕێوە دەبەن.
گروپەکە هەڵدەسێت بە رێکخستن و بەڕێوەبردنى هەڵمەتەکە و دابینکردنى بەڕوو، ئامێرى هەڵکەندن، تورەکە، و پێداویستى دیکە.
پێویستە ئەوانەی بەشداری هەڵمەتەکە دەکەن پێداویستییەکانی وەکو جلوبەرگى ئاسایی کوردى یان وەرزشى و پێڵاوى وەرزشى، بارانگیر (مەتەرى)، کۆڵەپشت، ژەمە خواردنى سوک و ئاوى پێویست، جلوبەرگى زیادەیان پێبێت،
لەپێناو سەلامەتى بەشداربووان و کەمکردنەوەى پیسبوونى ژینگە، داواکارین هیچ بەشداربوویەک دوور بن لە بەکارهێنانی دامەی پلاستیکی و ئۆتۆمبێلى تایبەتى بەکارنەهێنن و بەپاس هاتووچۆ بکات.
منداڵانی سەروو تەمەن پێنج ساڵ دەتوانن بەشداربن.