شوێنەواری هەرێم: لە هەموو قەزا و ناحیەکان پێویستمانە
بۆ یەکەمجار بنکەیەکی چاودێری شوێنەوار و کەلەپوور لە چەمچەماڵ کرایەوە
964+
فەرهاد حەسەن
بۆ یەکەمجار لە قەزای چەمچەماڵ بنکەیەک بۆ چاودێری پێگە شوێنەوارییەکان کرایەوە و بینای مۆزەخانەی کەریم ئاغای هەمەوەندیش کرایە بنکەکە، شوێنەواری هەرێمیس بە پێویستی دەزانێت لە تەواوی قەزا و ناحیەکان ئەم جۆرە بنکەیە بکرێتەوە.
کەیفی مستەفا عەلی، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێم بە 964ـى راگەیاند، بەهۆی ئەوەی چەمچەماڵ شوێنەواری گرنگی تێدایە پێویستی بەم بنکەیە هەبوو کە تەوەکو ئێستا زیاتر لە 500 پێگەی شوێنەواری لێ تۆمارکراوە.
وتیشی “لە تەواوی ناحیە و قەزاکانی هەرێم پێوئستمان بە کردنەوەی ئەم جۆرە بنکانە هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی میلاک و پێداویستییەکان نەتواندراوە بکرێنەوە”.
لایخۆشییەوە رمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ باسی لەوە کردووە دوای هەوڵە بەردەوامەکانیان و چەندین نوسراو لە رێگای پارێزگای سلێمانی و وەزارەتی شارەوانی و جێگری سەرۆکی حکومەت، هەروەها دابینکردنی فەرمانبەر و کەلوپەل و پێداویستیەکان، سەرەنجام بڕیار لەسەر کردنەوەی بنکەکە دراوە.
سوپاسی مەریوانی کەریم ئاغای هەمەوەندیشی کردووە کە بەدەم داواکاری قایمقامیەتەوە هات و بینای مۆزەخانەی کەریم ئاغای هەمەوەندی بنکەکە بەخشی.