شەڕ نەما نۆرەى داهێنانە

لە قامیشلۆ؛ کچە خوێندکارێک رۆبۆتێکی بۆ پێشکەشکردنی خواردن دروستکرد

گەرناس مەعۆ- قامیشلۆ
سیدرا ئیبراهیم، کچە خوێندکاری قۆناغی چوارى بەشی میکانیک لە زانکۆی رۆژئاوا لە شاری قامیشلۆ، وەک بەشێک لە پڕۆژەی دەرچوونەکەی، رۆبۆتێکی دروستکردووە کە کاری پێشکەشکردنی خواردن دەکات.
سیدرا دڵخۆشی خۆی بە سەرکەوتنی پڕۆژەکەی دەردەبڕێت و ئاماژە بەوە دەکات کە دەتوانرێت ئەم رۆبۆتە لە چێشتخانەکاندا بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ و گەیاندنی داواکارییەکان بەکاربهێندرێت.
رۆبۆتەکە کۆمەڵێک هەستیارى تێدایە بۆ ناسینەوەی دەوروبەرەکەی، بڕیاریشە لە داهاتوودا سیستەمەکەی بە مۆبایل، وایفای و زیرەکی دەستکردەوە ببەسترێتەوە بۆ ئەوەی جوڵەکانی بەتەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵدا بن.
ئەو کچە خوێندکارە دەڵێت، “پێشتر بەهۆی شەڕەوە نەماندەتوانی پڕۆژە و کاری لەم شێوەیە بکەین، بەڵام ئێستا بەهۆی رەخساندنی دەرفەتەوە توانیمان ئەمە بەرهەم بهێنین”.
سیدرا ئامانجییەتی لە داهاتوودا ئەم جۆرە پڕۆژانە گەورەتر بکات و رۆبۆتەکە بە شێوەیەکی پێشکەوتووتر بەرەوپێش ببات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح