سارۆ ئازاد
گەنجێکى پڕ لە هیوا؛ بە سوارچاکى سەختییەکان دەبەزێنێت
+964
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
زۆرن ئەو چیرۆکە ناخهەژێنانەى لە چرکەساتێک روودەدەن ئیتر رێڕەوى ژیان دەگۆڕن، بەڵام چیرۆکى سارۆ جیاوازە، هەرچەند سەختە و ناخۆشە، کەچى بووەتە سوارچاکى گەڕانەوەى ژیان و هیوا.
سارۆ هیوا، گەنجێکى تەمەن 18 ساڵى شارى سلێمانییە، لە 16 ساڵى وازى لە خوێندن هێنا و بۆ کارکردن لە کارگەیەک رووى لە عەربەت کرد.
پێنج مانگ لەمەوبەر، رۆژێکى ئاسایى بوو بۆ سارۆ، وەک هەموو رۆژەکانى دیکە، بەڵام چارەنووسى سارۆ لە گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە گۆڕانى بەسەردا هات، ڕووداوێکى نەخوازراوى هاتوچۆ ژیانى ئەم گەنجەى خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکى سەخت.
ئۆتۆمبێلێک سارۆى خستە سەر زەوی و بۆ ماوەى دوو مانگ لە نەخۆشخانە کەوت، پاشان سێ مانگى دیکەش لە ماڵەوە لەسەر جێگا مایەوە، زیانێکى زۆر بەر مێشکى گەیشت، بەڵام سارۆ هەرگیز تەسلیم نەبوو، پاش پێنج مانگ لە بەرخۆدان و هەوڵدان، 85%ـى مێشکى چاک بووەوە، بەڵام 15%ـى کاریگەرى لەسەر رۆیشتن و قسەکردنى جێهێشتبوو.
سێ رۆژ لەمەوبەر، سارۆ جێگاکەى لە ماڵەوە هەڵدەگرێتەوە و بە بیرکردنەوە لە ئارەزووى پێشووى کە ئەسپسوارییە، هێز دەداتە بەر پێیەکانى و بەرەو لاى ئەسپەکەى هەنگاو دەنێت و دووبارە دەست دەکاتەوە بە سوارچاکى.
سارۆ بەدەم گرتنى لغاوى ئەسپەکەیەوە قسەى بۆ 964 کرد، وەک دەڵێت، لە هەمووى سەختتر بۆى لەم رووداوەدا، دوورکەوتنەوەى بووە لە ئەسپەکەى، چونکە هەموو رۆژێک دواى گەڕانەوە لە کار، دەچووە سەر پشتى ئەسپەکەى و باى باڵ و ئارەزووەکانى دەدا.
سارۆى پڕ هیوا، پەیامێکى گرنگى هەیە بۆ هەمووان: “هیچ کەسێک نابێت لە دۆخە سەختەکاندا بێ هیوا بێت”، ئێستا سارۆ بووە بە سوارچاکى نارەحەتى و ئاستەنگییەکانى، وەکخۆى دەڵێت،”ورە و هێزى خۆمە کە لەسەرپێکانم وەستاوم”.
پەیامى کۆتایى سارۆ بۆ شۆفێرانە و دەڵێت،: بە وریاییەوە لێبخوڕن و مۆبایل بەکارمەهێنن و جگەرە مەکێشن، کاتێک خەوتان هات شۆفێرى مەکەن، بۆ ئەوەى چیرۆکێکى سەخت بۆ کەسێکى تر نەنوسنەوە”.
داڕشتنەوە: وریا فەتاح