كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ
كۆنگرەی رۆژنامەوانی لە وەزارەتی ناوخۆ:
داوا دەكرێت هاوڵاتیانی لاجان بگەڕێنەوە ماڵەكانیان
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ژمارەیەك هاوڵاتی بە نوێنەرایەتی گوندی لاجان لەگەڵ وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و داواشیان لە خەڵكی گوندەكەیان دەكەن بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.
كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە كەمێك پێش ئێستا لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچوو، ئەو كەسانەی لە كۆنگرەكە قسەیان كرد، لە عەشیرەتی هەركی و لە خەڵكی گوندی لاجان بوون، داوایان كرد خەڵكەكەیان بگەڕێنەوە ماڵەكانیان و هێزە ئەمنییەكان بۆ پاراستنی پاڵاوگەی لاناز لەوێن و حەقیان بە هاوڵاتیان نییە.
هەروەها وتیان، هیچ ماڵێك پشكنینی بۆ ناكرێ و چەكیش لە كەس وەرناگرنەوە و هێزەكە بۆ ئەوەیە كێشە دروست نەبێت و كەس دەست بۆ لاناز درێژ نەكات و كێشە بنێتەوە.
یەكێكی دیكە لە نوێنەرانی گوندی لاجان وتی، خۆمان ئەمڕۆ پێنج كەسمان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە لەگەڵ 17 كلاشینكۆف، ئێمە نامانەوێت شەڕ ببێت و گیراوەكانیش ئازاد دەكرێن.
مام حاجییەكیش لەو كەسانەی قسەی كرد، وتی، ئەو هێزانە كوڕی ئێمەن و ئەگەر گلەییش هەبێت گلەیی باب و كوڕانەیە و وەزیری ناوخۆش هاوكار دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
ئەو ئاماژەی بەوەدا، خەڵكی گوندەكە كێشەیان لەگەڵ پاڵاوگەكە هەیە و لیژنەیەك دێنە گوندەكە و كێشەكە چارە دەكەن، وتیشی، “ئەگەر دەستی دەرەكییش لەو كێشەدا هەبێ، دەیبڕینەوە”.
لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1.12.2025ـەوە خەڵكی گوندی لاجان، كە لە عەشیرەتی هەركیین، لە گوندەكە هاتوونەتە دەرەوە، بۆ ئەوەی شەڕ روونەدات لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی هەولێر و ئەو چەند كەسەی لە لایەن پۆلیسەوە داواكراون، خەڵكەكە لە دەرەوەی گوندەكەن و دەستیان بە هەڵدانی خێمە كردووە.