مەرۆنە كۆمێنت
میدیازان- كوردستان ئەحمەد- هەولێر
لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك ژمارەیەك لە رۆژنامەنوس و هاووڵاتیان كەمپینی )#مەڕۆنە_كۆمێنت(یان دژی ئەو میدیایانە راگەیاندووە كە هەواڵ و زانیارییەكان لە كۆمێنت دادەنێن.
بەشێك لە میدیا و پەیجەكانی كوردستان، بۆ ئەوەی زانیارییەك بە وەرگرەكانیان بدەن، لە سۆشیاڵ میدیا پۆستێك لەسەر بابەتەكە دەكەن و پاشان دەنوسنن بڕۆنە كۆمێنت بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر.
ئەم دیاردەیە بەشێكی زۆر لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانیان بێزار كردووە و كەمپینێك لە سۆشیاڵ میدیا بە ناوی كەمپینی مەڕۆنە كۆمێنت راگەیەنراوە دژی ئەو میدیایانە و داوا دەكەن میدیا و پەیجەكان ئەو دیاردەیە كۆتایپێبهێنن.
دڵشاد نامیق، سەرۆكی دەزگای چاوی كوردە کە دەزگایەکی میدیاییە یەكێكە لە بەشداربووەكانی كەمپینەکە بەمیدیازانی وت: ‘بەراستی بێزارین لەو جۆرە هەواڵە كەدادەنرێت، ئەمە تەنها بێزرایش نییە، بەڵگو ئەمە لەدەستدانی متمانە و لەدەستدانی رێزە لەلایەن ئەو پەیج و میدیایانەی كە لە كوردستان هەیە’.
لەبارەی ئەوەی پەیجەکان بۆچی ئەم کارە دەکەن، تیمی سۆشیال میدیا میدیازان لەوەڵامدا دەڵێ، هەندێ لەمیدیاکان تەکنیکی (وەرە کۆمێنت) بۆیە بەکار دەهێنن، چونکە کاتێک کەسێک دەچێتە کۆمێنت ئەوە پۆستەکە چانسی ئەوەی هەیە ریچی بەرزببێتەوەو خەڵک زیاتر ببینێ، هەروەها ئەو کەسەی چووە کۆمێنت ئاسانترە کۆمێنت بنوسێ.
لەدوو رۆژی یەکەمدا تەنیا لەسەر فەیسبووک ئەو هاشتاگە هەزار کەسی تێپەڕاندووە.