ئەسپسوارێکی دهۆک 18 جار بووەتە پاڵەوان

964+

هێژین فەتاح – دهۆک

هاوڵاتییەکی دهۆک یەکێکە لە ئەسپسوارە بەتواناکان لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو دەڵێت 18 جار لە پاڵەوانێتی ئەسپسواری بازداندا بووەتە پاڵەوان.

دڵشاد ئەحمەد بادی، تەمەنێکی زۆری لەگەڵ ئەسپدا بەسەر بردووە تا بووەتە سوارچاکێکی بەتوانا، ئێستا یاریزانی نێودەوڵەتی هەولێرە و بۆ ماوەی شەش ساڵ دەبێت لەوێ راهێنان دەکات.

“لە ئێستادا لە پاڵەوانێتی کوردستان بەشدارم کە بۆ ماوەی یەک ساڵ بەردەوام دەبێت و ئەم پێشبڕکێیە بۆ وەرگرتنی ناسناوی پاڵەوانی پاڵەوانانە و ستایلی بازدانە بەسەر بەربەستی 110سم و 100سم” دڵشاد ئەحمەد بادی بە تۆڕی 964ی وت.

ئەسپسوارەکەی دهۆک لە وڵاتی میسر بە مەدالیای زیو خەڵاتکراوە

دڵشاد لە وڵاتی میسریش بەشداری لە پاڵەوانێتیی ئەسپسواری کۆماری میسری عەرەبی بووە و بە مەدالیای زیو خەڵاتکراوە.

بەهای ئەسپەکەی دڵشاد 50 هەزار دۆلارە و مانگانە 1500 دۆلار بۆ راهینانەکانی تەرخاندەکات، بە وتەی خۆی.

دڵشاد دەڵێت “هەر لە مناڵیەوە خەونی من ئەوە بوو ببم بە ئەسپسوار و لە ساڵی 2017  بۆ 2018 ئەم دەرفەتە بۆ من دروست بوو کە بڕۆمە هەولێر و دەست بە راهێنان بکەم و بەشداری لە پاڵەوانێتییەکاندا بکەم.”