عێراق رۆژانە پێنج تۆن گەنم دەکڕێت

964+
فەهمی نەبی

لە دوو مانگی رابردوودا، عێراق زیاتر لە 300 هەزار تۆن گەنمی کڕیوە لە سێ وڵاتەوە کە بە رێژەی ناوەندیی دەکاتە رۆژانەی پێنج تۆن.

بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی 964 لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، 10 کەشتی لە چوار وڵاتی جیاوازەوە هاتوون و لە بەندەری ئوم قەسر، کە بە هەموویانەوە 301 هەزار و 500 تۆن گەنمیان هەڵگرتووە، هاوکات هەریەکە لە بابەتەکانی وەک برنج، شیر و دۆشاوی تەماتە هەبوون.

تۆڕی 964 لە رێگەی ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بەدواداچوونی کردووە بۆ بڕی ئەو خۆراکانەی لە ماوەی دوو مانگدا واتە لە 1.1.2023 تاوەکو 28.2.2023 لە رێگەی کەشتیەوە لە بەندەری ئوم قەسر داگیراون.

گەنمەکە لە هەریەکە لە وڵاتەکانی ئەمریکا، کەنەدا، تایلاند و ئوسترالیاوە هێندراون.

دوو کەشتیان، بڕی 248 هەزار و 739 تۆن شیری تورکی و 3500 تۆن دۆشاوی تەماتەیان هەڵگرتبوو.

دوو کەشتی دیکە، لە تایلەند و ئەمریکاوە هاتبوون، 147 هەزار و 866 تۆن برنجیان هەڵگرتبوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانە بێت کە وەزارەتی بازرگانی بڵاویکردووەتەوە لە ماوەی ساڵی 2022، ژمارەی ئەو کەسانەی سوودمەندن لە بەشەخۆراکی مانگانە 40 ملیۆن و 360 هەزار هاوڵاتی عێراقی بووە.

بەشەخۆراکی مانگانە لەرێگەی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە سەرپەرشتی دەکرێت.

کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە ساڵی 1997ەوە دامەزراوە، گرێبەستی لەگەڵ چەندین وڵات هەیە بۆ کڕینی بابەتە خۆراکییەکان و دابەشکردنی بەسەر 18 پارێزگاکەی عێراق لە چوارچێوەی بەشە خۆراکی مانگانە.