"پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت"

گۆترێس بۆچی هاتە هەولێر؟

+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دوو رۆژە لەعێراق و هەرێمی كوردستانە، بۆ قسەكردن لەسەر كێشەكانی بەغدا و هەولێر و پرسی ئاوارەكان.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا كۆبووەوە، لەماوەی كاتژمێرێكدا زیاتر لە 20 بەرپرسی باڵای حكومەتی عێراقی بینی.

دواتر سەردانی پارێزگای نەینەوای كرد، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وتی ”داوا لە وڵاتانی جیهان دەكەین هاوكاری و هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتی عێراق زیاتر بكەن”.

لەسەردانەكەیدا دوو كەمپی ئێزدیەكانی بەسەركردەوە، قسەی لەبارەی كەمپی هۆل كرد لە سوریا و وتی، پێویستە سەرجەم وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان لە كەمپەكە ببەنەوە،چونكە كەمپەكە مەترسیەكی گەورەی بۆسەر جیهان دروستكردووە.

گۆترێس دەڵێت، 70 هەزار كەس لە كەمپی هۆل دایە، ئەمە مەترسیەكی گەورەیە بۆسەر جیهان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوای سەردانەكەی بۆ نەینەوا  خۆی گەیاندە هەولێر.

لەسەردانەكەی بۆ هەرێمی كورستاندا تەنها 20 خولەك لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستاندا كۆبوەوە، هەرچەندە سەردانەكە زیاتر تەشریفاتی بوو، بەڵام لەكۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر وتی ”هانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەم، كێشەكانیان بەگفتوگۆ چارەسەربكەن”.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، پێوستە هەموو لایەنەكان هەوڵی تەواو بدەن ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت.

داوای كرد بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و عێراق كێشەكانیان لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بكەن و رۆڵێكی زۆر باش بگێڕن لەچارەسەركردنی گرفتە هەڵواسراوەكان.

چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و پرسی ئاوارەكان  ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی گۆترێس بوو بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق.