عێراق و هەرێمی كوردستان

هەواڵە خۆشەكە هات، بارانبارین دەستپێدەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی لە دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند پێشبینی بارانبارین هەیە لە کۆتایی ئەم هەفتەیە و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو کۆتایی دێت.

ئاماژەیان بەوەش کردووە، بارانبارینەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سەرجەم ناوچەکاندا نابێت.

دەستەی كەشناسی دەڵێت، “دەرئەنجامەکانی رەوشی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا یەکەم ناسەقامگیری کەشوهەوای پاییز ببینێت، ئەمەش دەستپێکی راستەقینەی وەرزی بارانبارین دەبێت”.

لە راپۆرتێكدا دەستەی كەشناسی روونیکردووەتەوە، ئێوارەی پێنجشەممە 13،11.2025 گۆڕانكارییەكە دەستپێدەكات بۆ نیمچە هەور لە ئاسماندا، پاشان لە زۆربەی شارەکاندا تەم دەبێت، ئەگەری بارانبارین لە ئێوارەی هەینی دەستپێدەکات لە ناوچەکانی رۆژئاوا، دواتر درێژدەبێتەوە بۆ ناوچە جیاجیاکانی وڵات تا بەیانی دووشەممە 17ی مانگ.

بارانبارینەكە سەرەتا كەم دەبێت و دواتر مامناوەند، هەندێکجاریش رەشەبای لەگەڵدا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بارینی بارانێکی بەخوڕ لە ناوچە سنووردارەکانی باکوور، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری بەفرێکی كەم لە ناوچە شاخاوییەکاندا هەیە.

جوتیاران چاویان لە رەحمى خوایە بارانیان بۆ ببارێنێت

جوتیاران چاویان لە رەحمى خوایە بارانیان بۆ ببارێنێت